بەهۆی نەبوونی دەرمانەوە زیاتر لە هەزار کەس لە غەززە گیانیان لەدەستداوە

نوێنەری ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە فەڵەستین دەڵێت: بە گوێرەی ڕاپۆرتە تەندروستییەکان بەهۆی دوا کەوتنی دەرمان و پێداویستییە پزیشکییەکان لە کەرتی غەززە زیاتر لە هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە و گەیاندنی دەرمان بۆ کەرتەکە هێشتا هەر بە خاوی بەڕێوە دەچێت.

ڕیک پیپێرکۆرنر، نوێنەری ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانیی لە فەڵەستن لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک ڕایگەیاند، بە گوێرەی ڕاپۆرتەکانی دەسەڵاتی تەندروستیی کەرتی غەززە، لە مانگی تەممووزی 2024ـەوە تاوەکوو 28ی تشرینی دووەمی 2025، نزیکەی 1093 نەخۆش بەهۆی کەمی و نەبوونی دەرمانەوە گیانیان لەدەستداوە.

ڕاشیگەیاندووە، بە دڵنیاییەوە ئەم ژمارەیە زۆر کەمترە لەوەی مەزندە دەکرێت، چونکە ئامارەکان تەنیا پشتی بە ژمارەی ئەو مردووانە بەستووە، کە ڕاگەیەندراون. 

نوێنەرەکەی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی پەیامێکی ئاراستەی وڵاتان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی کردووە، داواکارە هاوکاربن لە ڕزگارکردنی ئەو نەخۆشانەی غەززە کە پێویستیان بە چارەسەر هەیە، جا بە گواستنەوەیان بۆ دەرەوەی وڵات یان کەرتی ڕۆژئاوای یان ڕۆژهەڵاتی قودس بێت.

هەروەها ئاماژەیداوە، لە کۆی 36 نەخۆشخانە، 18 بەخۆشخانە و %43ی بنکە و ناوەندە چاودێرییە سەرەتاکانی تەندروستی لە غەززە بە نیمچەیی و نیوەی توانایان کار دەکەن، جیا لەمەش کەمبوونەوەیەکی زۆر لە دەرمانە سەرەکیەکانی چارەسەری نەخۆشییەکانی دڵ و نەخۆشییەکانی دیکە هەن.

ڕیک پیپێرکۆرنر دەڵێت: سەرەڕای باشتربوونی دۆخەکە بۆ گەیاندنی یارمەتییەکان بۆ کەرتی غەززە، بەڵام تاوەکوو ئێستا پرۆسەی گەیاندنی دەرمان و پێداویستییە پزیشکییەکان بۆ کەرتەکە زۆر بە خاوی بەڕێوەدەچێت.

 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل