هەرێمی کوردستان و یەکێتیی ئەوروپا نەخشەڕێگای قۆناغی دوای یونامی تاوتوێ دەکەن
لە چوارچێوەی هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییەی لە دوای کۆتاییهاتنی ئەرکی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان دروست دەبێت، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە برۆکسل زنجیرەیەک گفتوگۆی چڕی لەگەڵ پەرلەمانی ئەوروپا ئەنجامداوە و تێیدا جەخت لە بەردەوامیی چاودێریکردنی ڕەوشی مافی مرۆڤ و ئەگەری ئەنجامدانی دانیشتنێکی تایبەت لە پەرلەمانی ئەوروپا کراوەتەوە.
دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆتایی زنجیرە دیدارەکانیدا لە برۆکسل، ڕۆژی 11ی کانونی یەکەمی 2025 لەگەڵ مارتا تیمیدو، جێگری سەرۆکی لیژنەی مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی ئەوروپا کۆبووەوە.
لەو دیدارەدا کە نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەوروپا ئامادەی بوو، تەوەری سەرەکی بریتی بوو لە خستنەڕووی ئەو ئاڵنگارییە نوێیانەی ڕووبەڕووی هەرێمی کوردستان دەبنەوە لە قۆناغی دوای کۆتاییهاتنی وادەی یاسایی ئەرکی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNAMI) و کەمبوونەوەی ڕۆڵی نووسینگەی کۆمیسیاری باڵای مافەکانی مرۆڤ (OHCHR).
لە کۆبوونەوەکەدا شاندی هەرێمی کوردستان پوختەی دەستکەوتەکانی پلانی نیشتمانیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیان بۆ مافەکانی مرۆڤ (2021-2025) خستە ڕوو، تێیدا تیشک خرایە سەر هەنگاوەکانی چاکسازی لە بوارەکانی حوکمڕانیی باش، پاراستنی مافی پێکهاتەکان، بەهێزکردنی پێگەی ئافرەتان و گونجاندنی یاسا و سیاسەتە ناوخۆییەکان لەگەڵ ستانداردە جیهانییەکان.
لەلایەکی دیکەوە، بەرپرسانی هەرێم داوای پشتیوانیی سیاسی و مرۆیی یەکێتیی ئەوروپایان کرد بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە ئەمنییەکان.
یەکێک لە پێشنیازە گرنگەکانیش بریتی بوو لە تاوتوێکردنی ئەگەری ڕێکخستنی دانیشتنێکی تایبەت لە پەرلەمانی ئەوروپا بۆ هەڵسەنگاندنی دۆخی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان.
لە بەرانبەردا، لایەنی ئەوروپی وێڕای ستایشی هەنگاوەکانی حکوومەتی هەرێم، پابەندبوونی خۆیان بۆ بەردەوامیی هەماهەنگییەکان لەم قۆناغە هەستیارەدا دووپات کردەوە.
ئەم جووڵە دیپلۆماسییە لە کاتێکدایە کە عێراق و هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2025ـدا بە قۆناغێکی گواستنەوەی هەستیاردا تێدەپەڕن، بەتایبەت دوای بڕیاری کۆتاییهاتنی ئەرکی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان (یونامی). کشانەوەی ئەم نێردەیە نیگەرانیی لای ڕێکخراوەکان و دامەزراوە فەرمییەکان دروست کردووە سەبارەت بە کەمبوونەوەی چاودێریی نێودەوڵەتی و پشتیوانییە تەکنیکییەکان.
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2021ـەوە پلانێکی پێنج ساڵەی بۆ پەرەپێدانی مافی مرۆڤ ڕاگەیاندووە و ئێستا کە لە کۆتایی وادەی پلانەکەدایە، هەوڵ دەدات لە ڕێگەی بەهێزکردنی پەیوەندی لەگەڵ یەکێتیی ئەوروپا، جێگرەوەیەک بۆ بۆشایی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان پەیدا بکات و شەرعییەتی زیاتر بە چاکسازییەکانی بدات.
لەلایەن خۆیەوە خاتوو مارتا تیمیدو، ستایشی هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کرد لە پرسەکانی تایبەت بە مافەکانی مرۆڤ و جەختی کردە سەر پابەندبوونی پەرلەمانی ئەوروپا بە بوونی هەماهەنگییەکی بەردەوام لەگەڵ هەرێمی کوردستان بەمەبەستی بەدیهێنانی پێشکەوتنی زیاتر لەم پرسە بەتایبەتی لەم قۆناغە هەستیارەدا.
