محەممەد حەسسان: عێراق ئامادەیە بۆ قۆناغێکی نوێ، بەڵام دەبێت تواناکانی خۆی بسەلمێنێت
نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق جەخت دەکاتەوە وڵاتەکە ئامادەیە بۆ بەهێزکردنی سەروەرییەکەی، بەڵام دەبێت عێراقییەکان بیسەلمێنن کە دەتوانن بە شێوەیەکی ڕێک و ئاشتییانە وڵات بەڕێوە ببەن.
شەممە 13ـی کانوونی یەکەمی 2025، محەممەد حەسسان، نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق ڕایدەگەیەنێت، عێراق گەیشتووەتە قۆناغێک کە ئامادەیە بەرەو پێشچوونی زیاتر و بەهێزکردنی سەروەریی هەنگاو بنێت، بەڵام مەرجی ئەوەیە عێراقییەکان بیسەلمێنن کە دەتوانن بە شێوەیەکی ڕێک و ئاشتییانە کاروباری خۆیان ڕایی بکەن.
محەممەد حەسسان لە لێدوانێکدا ئاماژەی بەوە دا، دۆخی ئێستای عێراق بەراورد بە سەرەتای دەستبەکاربوونی ئەرکی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی 2003، گۆڕانکاری بنەڕەتی بەسەردا هاتووە و وڵاتەکە لە دۆخێکی زۆر جیاوازتردایە. ئەم پێشکەوتنەشی بۆ قوربانیدانی خەڵکی عێراق و پشتیوانیی بەردەوامی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گەڕاندەوە.
نوێنەرەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی: خۆم لە دڵەوە لەو بڕوایەدام عێراق بۆ قۆناغی داهاتوو و بەهێزکردنی سەروەری خاکەکەی ئامادەیە، بەڵام دەبێت بە جۆشوخرۆشەوە بە ئێمەی نیشان بدەن دەتوانن خۆیان بە ڕێکوپێکترین و ئاشتییانەترین شێوە بە کارەکان هەڵبستن.
سەبارەت بە دۆسیەی ئاوارەکان، محەممەد حەسسان هیوای خواست بە پشتیوانیی حکوومەتی عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، ئاوارەکان بتوانن بگەڕێنەوە بۆ سەر ماڵوحاڵی خۆیان، لەم ڕووەشەوە بە دیاریکراوی باسی لە خەڵکی شەنگال کرد و گوتی: هیواخوازم کات و سەرچاوەیان هەبێت بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە بۆ ئەو شوێنەی لێی دەرکراون.
سەبارەت بە داهاتووی پەیوەندییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و عێراق دوای کۆتاییهاتنی ئەرکی یونامی لە کۆتایی ئەمساڵدا، محەممەد حەسسان ئاشکرای کرد تەواوبوونی ئەم ئەرکە بە مانای پچڕانی پەیوەندییەکان نییە، بەڵکوو هەموو ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق دەمێننەوە و تەنانەت نووسینگەی بانکی جیهانی و سندووقی نێودەوڵەتیی دراو لە عێراق دەکرێنەوە.
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایەبە مەبەستی بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمی کۆتاییهێنان بە کارەکانی نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان (یونامی)، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان گەیشتە بەغدا محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز ڕایگەیاند: کۆتاییهاتنی ئەرکی یونامی لە عێراق بە مانای کۆتاییهاتنی هاوبەشیمان لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان نایەت، بەڵکوو کردنەوەی پەڕەیەکی نوێیە لە هاوکاریکردن، بەتایبەت لە بواری گەشەپێدان و بووژانەوەی ئابووری.
سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیی گوتی: عێراقی ئەمڕۆ وڵاتێکی جیاوازە و خاوەن ئاسایش و ئارامییە. هاوکات دەشڵێت: ئامانجیان پشتیوانیکردنی عێراق و حکوومەتەکەی بووە. هەروەها پابەندبوونی عێراقی بە گەڕاندنەوەی هاووڵاتییانی لە کەمپی هۆلەوە بەرز نرخاند.
نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ هاوکاریی عێراق، ناسراو بە "یونامی" (UNAMI)، ئەرکێکی سیاسیی نەتەوە یەکگرتووەکانە کە لە 14|ی ئابی 2003 بە پێی بڕیاری ژمارە 1500ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و لەسەر داوای حکوومەتی عێراق دامەزرا. ئامانجی سەرەکیی یونامی پشتیوانیکردنی هەوڵەکانی حکوومەت و گەلی عێراق بووە بۆ ئاوەدانکردنەوە و بنیاتنانی وڵات.
