مەزڵووم عەبدی: ئەو دۆخە پێویستی بە یەکخستنی تواناکان هەیە

مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکرات(هەسەدە)
مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکرات(هەسەدە)

لە یەکەم کاردانەوەی فەرمیدا بەرانبەر بەو هێرشە چەکدارییەی کرایە سەر هێزێکی هاوبەشی حکوومەتی سووریا و هێزەکانی ئەمەریکا لە بیابانی سووریا، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) هۆشداریدا لە مەترسیی هەڵکشانی جموجۆڵە تیرۆریستییەکان و جەختی لەوە کردەوە، بەرەنگاربوونەوەی ئەو دۆخە پێویستی بە یەکخستنی تواناکان هەیە لەسەر ئاستی نیشتمانیدا.
مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات( هەسەدە) لە ڕێگەی هەژماری فەرمیی خۆیەوە لە پلاتفۆرمی ئێکس، نیگەرانی و دڵگرانیی قووڵی خۆی بۆ برینداربوونی ژمارەیەک لە ئەندامانی هێزەکانی ئاسایشی گشتی و سەربازانی ئەمەریکی دەربڕی کە لە کاتی جێبەجێکردنی ئەرکە ئەمنییەکانیاندا لە بیابانی سووریا کراونەتە ئامانج.

عەبدی لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوە داوە، زیادبوونی ئەم جۆرە هێرشانە نیشانەیەکی مەترسیدارە و پێویستی بە ئیرادەیەکی بەهێزتر هەیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەیان، پرسی سەرنجڕاکێشی پەیامەکەی فەرماندەی هەسەدە بریتی بوو لە داواکاری بۆ چڕکردنەوەی هەوڵەکان لەسەر ئاستی نیشتمانی وەک تاکە ڕێگە بۆ لەناوبردنی شانە تیرۆریستییەکان، لە کۆتاییشدا هیوای چاکبوونەوەی خێزای بۆ بریندارەکان خواستووە.
ئەم لێدوانەی مەزڵووم عەبدی دوای ڕووداوێکی ئەمنیی دەگمەن دێت لە نزیک شاری تەدمور کە لەژێر دەسەڵاتی حکوومەتی سووریادایە، تێیدا کاروانێکی هاوبەشی هێزەکان و سوپای ئەمەریکا کرانە ئامانج.

بەکارھێنانی دەستەواژەی هەوڵی هاوبەش لەسەر ئاستی نیشتمانی لەلایەن باڵاترین فەرماندەی سەربازیی هەسەدەوە، ئاماژەیەکی سیاسیی گرنگە بۆ ئەگەری، یان پێویستیی هەماهەنگی لە نێوان هێزە جیاوازەکانی سەر گۆڕەپانی سووریا بە حکوومەتی دیمەشقیشەوە، بۆ بەرەنگاربوونەوەی پاشماوەکانی داعش، ئەمە لە کاتێکدایە کە ناوچەی بیابانی سووریا بووەتە خاڵی جووڵەی سەرەکیی گرووپە چەکدارەکان و هەڕەشەی جددی بۆ سەر هەموو لایەنەکان دروست کردووە، جا ئەو هێزانە سەر بە هاوپەیمانان بن، یان هەسەدە و حکوومەتی سووریا.

لەلایەکی دیکەوە و هەر بەهۆی ئەم هێرشەوە، ڕامی عەبدولرەحمان، بەڕێوەبەری ڕوانگەی سووری بۆ مافی مرۆڤ بە كوردستان 24ـی راگەیاندووە، بەهۆی هێرشی ئێوارەی ئەمڕۆ بۆ هێزەكانی ئەمریكی و حكوومەتی دیمەشق سێ ئەندامی هێزەكانی ئاسایش و ژمارەیەك سەربازی ئەمریكی برینداربوون.

ڕامی دەڵێت: بە گوێرەی زانیارییەكان هێرشبەرەكە یەكێك بووە لە ئەندامی هێزە ناوخۆی ناوچەكە و كوژراوە،داوا لە وەزارەتی ناوخۆ و بەرگری دەكەین، پاشماوەی رێكخراوە تیرۆرستییەكان و بیری داعش  لەناوچەكەدا پاك بكەنەوە. 

 

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل