سێنتکۆم کوژرانی دوو سەرباز و هاووڵاتییەکی ئەمەریکی لە سووریا ڕاگەیاند
سێنتکۆم ڕایدەگەیەنێت، لە ئەنجامی بۆسەیەکی چەکدارێکی داعش لە سووریا، دوو سەرباز و کارمەندێکی مەدەنیی ئەمەریکی کوژران و سێ سەربازی دیکەش بریندار بوون، هێرشبەرەکەش کوژراوە
فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمەریکا (سێنتکۆم) ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، ئەمڕۆ شەممە 13ـی کانوونی یەکەمی 2025، لە ئەنجامی بۆسەیەک لە سووریا لە لایەن داعشەوە سێ هاووڵاتی ئەمەریکی کوژران و ژمارەیەک سەربازی دیکەش بریندار بوون.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی سێنتکۆم، هێرشەکە لەلایەن یەک چەکداری سەر بە ڕێکخراوی داعشەوە ئەنجام دراوە کە بووەتە هۆی کوژرانی دوو سەرباز و یەک کارمەندی مەدەنیی ئەمەریکی برینداربوونی سێ سەربازی دیکەی.
سێنتکۆم ڕوونی کردووەتەوە هێزەکانیان وەڵامی هێرشەکەیان داوەتەوە و چەکدارە هێرشبەرەکەی داعش کوژراوە.
ئاماژەی بەوەش کردووە، بەپێی سیاسەتە سەربازییەکان و وەک ڕێزێک بۆ خانەوادەکان، تا 24 کاتژمێر دوای ئاگادارکردنەوەی کەسوکاریان، ناسنامەی کوژراوەکان بڵاوناکرێتەوە.
هەر بەهۆی ئەم هێرشەوە، ڕامی عەبدولرەحمان، بەڕێوەبەری ڕوانگەی سووری بۆ مافی مرۆڤ بە کوردستان 24ی ڕاگەیاندووە، بەهۆی هێرشی ئێوارەی ئەمڕۆ بۆ هێزەکانی ئەمەریکی و حکوومەتی دیمەشق سێ ئەندامی هێزەکانی ئاسایش و ژمارەیەک سەربازی ئەمەریکی برینداربوون.
ڕامی دەڵێت: بەگوێرەی زانیارییەکان هێرشبەرەکە یەکێک بووە لە ئەندامی هێزە ناوخۆی ناوچەکە و کوژراوە،داوا لە وەزارەتی ناوخۆ و بەرگری دەکەین، پاشماوەی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان و بیری داعش لەناوچەکەدا پاک بکەنەوە.
مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات( هەسەدە) لە ڕێگەی هەژماری فەرمیی خۆیەوە لە پلاتفۆرمی ئێکس، نیگەرانی و دڵگرانیی قووڵی خۆی بۆ برینداربوونی ژمارەیەک لە ئەندامانی هێزەکانی ئاسایشی گشتی و سەربازانی ئەمەریکی دەربڕی کە لە کاتی جێبەجێکردنی ئەرکە ئەمنییەکانیاندا لە بیابانی سووریا کراونەتە ئامانج.
عەبدی لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوە داوە، زیادبوونی ئەم جۆرە هێرشانە نیشانەیەکی مەترسیدارە و پێویستی بە ئیرادەیەکی بەهێزتر هەیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەیان، پرسی سەرنجڕاکێشی پەیامەکەی فەرماندەی هەسەدە بریتی بوو لە داواکاری بۆ چڕکردنەوەی هەوڵەکان لەسەر ئاستی نیشتمانی وەک تاکە ڕێگە بۆ لەناوبردنی شانە تیرۆریستییەکان، لە کۆتاییشدا هیوای چاکبوونەوەی خێرای بۆ بریندارەکان خواستووە.
