سەرۆک کۆماری عێراق: هەر دەستدرێژییەک بۆ سەر ئێران بە دوژمنکاری دژی عێراق ئەژمار دەکرێت
لە پەراوێزی کۆڕبەندێکی نێودەوڵەتیدا، عێراق هەڵوێستی ڕاشکاوانەی خۆی بەرانبەر بە گرژییەکانی ناوچەکە خستە ڕوو، سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە بە هاوتا ئێرانییەکەی ڕاگەیاند: بەغدا و تاران چارەنووسێکی هاوبەشیان هەیە و هەر جۆرە هێرشێک بکرێتە سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران، عێراق وەک هێرش بۆ سەر خاک و سەروەریی خۆی تەماشای دەکات.
لەتیف ڕەشید، سەرۆک کۆماری عێراق لە میانەی دیدارێکیدا لەگەڵ مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران لە پەراوێزی کارەکانی کۆڕبەندی ئاسایش و متمانە لە وڵاتی تورکمانستان، دیدگای عێراقی بۆ دۆخی ئەمنیی ناوچەکە خستە ڕوو.
سەرۆک کۆماری عێراق جەختی کردەوە، وڵاتەکەی بە بایەخەوە لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران دەڕوانێت و وەک دراوسێیەکی ستراتیژی کە خاوەنی بەرژەوەندیی هاوبەشن، مامەڵەی لەگەڵ دەکات، بۆیە هەر هەڕەشە و دەستدرێژییەک بۆ سەر تاران، بە هەمان ئەندازە بە دوژمنکاری بۆ سەر عێراق هەژمار دەکرێت.
سەبارەت بە دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، سەرۆک کۆماری عێراق ئیسرائیلی وەک سەرچاوەی سەرەکیی کێشەکان و دروستکردنی ئاژاوە لە ناوچەکە وەسف کرد.
ناوبراو داوای کرد، دەبێت کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی سنوورێک بۆ ئەو پێشێلکاری و دەستدرێژییانە دابنێت کە ئیسرائیل دەیانکاتە سەر وڵاتانی ناوچەکە، بەو ئامانجەی ڕێگری لە تەشەنەسەندنی زیاتری ئاگرەکە بکرێت.
ئەم لێدوانەی سەرۆک کۆماری عێراق لە کاتێکدایە کە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە دۆخێکی هەستیار و پڕ لە گرژیدا تێدەپەڕێت، بەتایبەتی لە سایەی بەردەوامیی جەنگی غەززە و پەرەسەندنی ململانێکانی نێوان ئیسرائیل و بەرەی موقاوەمە لە لوبنان و ناوچەکانی دیکە.
