حەماس بۆ ئیسرائیل: مەحاڵە چەک دانێین
بزووتنەوەی حەماس بە فەرمی داواکاریی ئیسرائیلی بۆ چەکداماڵین ڕەت کردەوە و ڕایگەیاند، تا ئەوکاتەی داگیرکاری و دەوڵەتی ئیسرائیل هەبێت، دەستبەرداربوونیان لە چەک "مەحاڵە".
عەلی بەرەکە، بەرپرسی پەیوەندییە نیشتمانییەکانی حەماس ڕایگەیاند: "ئیسرائیل پابەندی مەرجەکانی ئاگربەستی ڕابردوو نەبووە و بەردەوامە لە دەستدرێژی، بۆیە داوای چەکداماڵین نالۆژیکییە." جەختیشی کردەوە، چەکی بەرگریی فەڵەستین تا بەدەستهێنانی تەواوی مافەکانیان دەمێنێتەوە و ڕادەستی هیچ لایەنێک ناکرێت.
لەلایەکی دیکەوە، ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاوی کردەوە، ڕەنگە سەرەتای مانگی داهاتوو، هێزێکی نێودەوڵەتی کە تورکیاش ڕۆڵی تێدا دەبێت لە غەززە جێگیر بکرێت. ئەمەش وەک بەشێک لە پلانەکانی دۆناڵد ترەمپ بۆ سەقامگیری و چەکداماڵینی حەماس سەیر دەکرێت، هەرچەندە میکانیزمی چەکداماڵینەکە هێشتا ڕوون نییە.
ڕۆژی 29ی ئەیلوولی 2025 پلانی ئاگربەستی غەززە پەسندکرا، کە 21 خاڵی لە خۆدەگرت، لەنێویدا هاتبوو، ئەنجوومەنی ئاشتی بۆ بەڕێوەبردنی کاتی کەرتی غەززە پێکدەهێندرێت و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا سەرۆکایەتی ئەنجوومەنەکە دەکات، هەروەها تۆنی بلێر یەکێک لە ئەندامانی بەڕێوەبردنی ئەنجوومەنەکە دەبێت.
