ئایا گێزەر کاریگەری لەسەر باشترکردنی ئاستی بینین هەیە؟
گێزەر بە بیرۆکەی باشترکردنی بینینەوە بەستراوەتەوە، هۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ هەبوونی"بێتا-کارۆتین" لە پێکهاتەکەیدا، ئەو توخمە خۆراکییەی جەستە دەیگۆڕێت بۆ ڤیتامین A، کە یەکێکە لە ڤیتامینە سەرەکییەکانی باشترکردنی بینین.
پسپۆڕان، ئاماژە بەوە دەکەن، کەمیی ڤیتامین A کاریگەریی نەرێنی لەسەر بینایی دەبێت، بەتایبەتی توانای بینین لە ڕووناکیی کەمدا، لەم حاڵەتەشدا تەواوکەرە خۆراکییەکانی ڤیتامین A دەتوانن یارمەتیدەر بن بۆ گەڕاندنەوەی فەرمانی ئاسایی بینین.
جەستەی مرۆڤ ناتوانێت خودکارانە ڤیتامین A دروست بکات، بەڵکو لە ڕێگەی خۆراکەوە بە دوو شێواز دروستی دەکات:
1-ڤیتامین Aـی ئامادە، کە لە خۆراکە ئاژەڵییەکاندا هەیە یان بۆ هەندێک بەرهەمی وەک شیر و دانەوێڵە زیاد دەکرێت.
2-ئاوێتە سەرەتاییەکان کە بە "کارۆتینەکان" ناسراون، دیارترینیان "بێتا-کارۆتین"ـە، کە بە زۆری لە گێزەردا هەیە و هەر لەبەر ئەم هۆکارەشە گێزەر وەک "سوودبەخش بۆ چاوەکان" سەیر دەکرێت.
سەرچاوەکانی دیکەی بێتا-کارۆتین بریتین لە پەتاتەی شیرین، بیبەر، کاڵەک، و سەوزە گەڵادارە تۆخەکان. ئەم شێوازە جیاوازانەی ڤیتامین A لە تەواوکەرە خۆراکییەکانیشدا بەکاردەهێنرێن.
بە گوتەی پسپۆڕان، ئەو کەسانەی پەیڕەوی سیستمێکی خۆراکیی هاوسەنگ دەکەن، بەزۆری پێویستی خۆیان لە ڤیتامین A لەڕێگەی خۆراکەوە دەست دەکەوێت و پێویستییان بە تەواوکەری خۆراکی نییە. ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ توانای جەستە لە عەمبارکردنی ڤیتامینەکە لە جگەر و چاوەکان و ئەندامانی دیکەدا، جگە لەوەی دەتوانێت ئەو ڤیتامین Aـیەش دووبارە بەکار بهێنێتەوە کە لە پرۆسەی بینیندا بەکار هاتووە.
لە بەرانبەردا، ئەو کەسانەی بەدەست سوخۆراکی درێژخایەنەوە دەناڵێنن، یان ئەو نەخۆشییانەی کۆئەندامی هەرس کە ڕێگری لە مژینی ڤیتامینە تواوەکانی ناو چەوری دەکات، یان سیستمێکی خۆراکی هەژار بە ڤیتامین Aیان هەیە، ڕەنگە تووشی کەمی ڤیتامین A ببن.
شارەزایان هۆشداری دەدەن، لە زێدەڕۆییکردن لە خواردنی ڤیتامین A، بەتایبەت ئەو جۆرەی کە ئامادەکراوە و لە تەواوکەرەکان یان لە خۆراکەکانی وەک جگەردا هەیە، چونکە ڕەنگە ببێتە هۆی زیان گەیاندن بە جگەر، و ئەگەر لە کاتی دووگیانیدا بە بڕێکی زۆر بخورێت ڕەنگە ببێتە هۆی کێشە لە گەشەی کۆرپەلەدا. بۆیە ئامۆژگاری دەکرێت تەواوکەرە خۆراکییەکان لەژێر چاودێری پزیشکیدا وەربگیرێن بەتایبەت بۆ ژنانی دووگیان و شیردەر.
