ناوی کاندیدە دەرچووەکان بۆ پەرلەمانی عێراق ڕاگەیەنرا

پەرلەمانی عێراق
پەرلەمانی عێراق

دوای ئەوەی دادگای فیدراڵی، ئەنجامی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراقی پەسەند کرد، ناوی کاندیدە دەرچووەکان بۆ پەرلەمانی وڵاتەکە ڕاگەیەنرا.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 14ـی کانوونی یەکەمی 2025، دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق، بە فەرمی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی پەسەند کرد و ناوی کاندیدە دەرچووەکان ڕاگەیەنرا. ئەم هەنگاوەش وەک دواین وێستگەی یاسایی دادەنرێت بۆ دەستپێکردنی ڕێکارە دەستوورییەکانی پێکهێنانی حکوومەتی نوێ.

پەسەندکردنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردن، لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە دوای ئەوە دێت، کە لە ڕێکەوتی 7ـی کانوونی یەکەمی 2025، دەستەى دادوەرى هەڵبژاردنەکان لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، سەرجەم تانەکانى پەیوەست بە ئەنجامى کۆتایی هەڵبژاردنى یەکلایی کردەوە. ڕۆژێک دواتر و لە 8ـی ئەم مانگەدا  کۆمیسیۆن ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی ئاڕاستەی دادگای فیدراڵی کرد بە مەبەستی پەسەندکردنی.

بە گوێرەی بڕگەکانی ماددەی 54ـی دەستووری عێراق، دوای پەسەندکردنی ئەنجامی هەڵبژاردن لە لایەن دادگای باڵای فیدراڵییەوە، سەرۆک کۆماری وڵاتەکە پابەند دەکرێت لە ماوەی 15 ڕۆژدا مەرسوومی کۆماری دەربکات بۆ بانگهێشتکردنی پەرلەمانتارانی نوێ بۆ گرێدانی یەکەم دانیشتنی خولی شەشەم.

لە یەکەم دانیشتنی پەرلەمانی عێراقدا، کە بە سەرۆکایەتیی بە تەمەنترین پەرلەمانتار بەڕێوە دەچێت، سەرۆکی پەرلەمان و دوو جێگرەکەی هەڵدەبژێردرێن. دوا بە دوای ئەوە و لە ماوەی سێ ڕۆژدا، دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار دەکرێتەوە و پەرلەمان سەرۆک کۆماری نوێ هەڵدەبژێرێت. پاشان سەرۆک کۆمار، کاندیدانی فراکسیۆنی زۆرینەی پەرلەمان ڕادەسپێرێت بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت.

ڕۆژی سێشەممە، 11ـی تشرینی دووەمی 2025، دەنگدانی گشتی و ڕۆژی یەکشەممەش، 09ـی تشرینی دووەمی 2025، دەنگدانی تایبەتی خولی شەشەمی پەرلەمان، لە پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو. بە گوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆن، ڕێژەی بەشداری لە دەنگدانی تایبەت، 82.42% و لە دەنگدانی گشتیش، نزیکەی 54.35% بوو.

بە بڵاوکردنەوەی ناوی کاندیدە دەرچووەکان، چاوەکان ئێستا لەسەر بەغدان بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆ سیاسییەکان و دابەشکردنی پۆستە سیادییەکان لە نێوان لایەنەکاندا.

بۆ بینی ناوی کاندیدە دەرچووەکان کلیک لەم لینکە بکە

 

پەرلەمانی عێراق

ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کە بە 'پەرلەمانی عێراق ناسراوە'، باڵاترین دەسەڵاتی یاسادانان و چاودێریکردنە لە سیستەمی سیاسیی عێراقدا. لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس و پەسەندکردنی دەستووری ساڵی 2005، پەرلەمان بووەتە ناوەندی بڕیارە سیاسییەکان.

بەپێی دەستووری عێراق، پەرلەمان ئەم ئەرکە سەرەکییانەی هەیە:

یاسادانان:  دەرکردن و هەموارکردنەوە و هەڵوەشاندنەوەی یاساکانی فیدراڵی.

چاودێریکردن: لێپرسینەوە لە حکوومەت و وەزیرەکان و دەسەڵاتی جێبەجێکردن.

پەسەندکردنی بودجە: تاوتوێکردن و پەسەندکردنی بودجەی گشتیی وڵات.

هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار: پەرلەمان بە دەنگدان سەرۆک کۆمار هەڵدەبژێرێت.

متمانەدان بە حکوومەت: سەرۆک وەزیران و کابینەکەی دەبێت متمانەی پەرلەمان بەدەست بهێنن بۆ ئەوەی دەستبەکار بن.
 

دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان

دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان لە سێ کەس پێکدێت (سەرۆک و دوو جێگر). بە پێی نەریتی سیاسیی عێراق (عورف) کە لە دوای 2003ـەوە پەیڕەو دەکرێت، پۆستەکان بەم شێوەیە دابەش کراون:

سەرۆکی پەرلەمان:  بۆ پێکهاتەی سوننە.

جێگری یەکەم:  بۆ پێکهاتەی شیعە.

جێگری دووەم:  بۆ پێکهاتەی کورد.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل