دیندار زێباری و زەفیر ئۆددین دۆسیەی قۆناغی دوای یونامی تاوتوێ دەکەن
لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی کۆتاییهاتنی ئەرکی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق (یونامی)، حکوومەتی هەرێمی کوردستان و نووسینگەی مافەکانی مرۆڤی ئەو ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە، هەڵسەنگاندن بۆ قۆناغی ڕاگوزەر و داهاتووی کارکردنی هاوبەش دەکەن، لەو چوارچێوەیەدا هەولێر جەخت دەکاتەوە کە سەرەڕای ئەزموونە سەرکەوتووەکانی ڕابردوو، هێشتا بەربەستە دەستووری و داراییەکان وەک خۆیان ماونەتەوە و پێویستیان بە چارەسەرە.
ڕۆژی یەکشەممە 14ی کانوونی یەکەمی 2025، د. دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ زەفیر ئۆددین، بەرپرسی ئۆفیسی مافەکانی مرۆڤی سەر بە یونامی لە هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
تەوەرەی سەرەکیی دیدارەکە تەرخان کرابوو بۆ گفتوگۆکردن لەسەر چۆنیەتیی برەودان بە پرەنسیپەکانی مافی مرۆڤ و بەردەوامیی پشتیوانییەکان بۆ دامەزراوەکانی هەرێم لەم قۆناغە هەستیارەدا.
بەگوێرەی زانیارییەکانی کۆبوونەوەکە، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان بەراوردکارییەکی مێژوویی کردووە لەنێوان ڕۆڵی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕابردوو و ئێستادا، ئاماژەی بەوە داوە کە بەرنامەی نەوت بەرامبەر خۆراک لە ساڵی 1996دا نموونەیەکی سەرکەوتووی بەڕێوەبردن بوو لە هەرێمی کوردستان بەراورد بە ناوچەکانی دیکەی عێراق، بەڵام بە تێپەڕبوونی کات ئەو کاریگەرییە ئەرێنییە کاڵ بووەتەوە، نیگەرانییەکانی هەرێمی کوردستان لەوەدایە کە ژمارەیەک دۆسیەی چارەنووسساز وەک جێبەجێکردنی ماددەی 140، پرسە داراییەکان، دۆسیەی نەوت و گاز، ئاسایش و سەروەری پشتگوێ خراون و وەک بەربەستێکی چارەسەرنەکراو بە درێژایی ساڵانی ڕابردوو ماونەتەوە.
لەلای خۆیەوە بەرپرسی ئۆفیسی مافەکانی مرۆڤی یونامی، تیشکی خستووەتە سەر سروشتی کارەکانیان لەگەڵ ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و لایەنە حکوومییەکان و ستایشی ئاستی هەماهەنگیی هەرسێ دەسەڵاتی یاسادانان، جێبەجێکردن و دادوەریی هەرێمی کوردستانی کردووە لە سەرخستنی کارەکانیاندا.
لە کۆتاییدا هەردوولا کۆک بوون لەسەر ئەوەی دۆسیەی مافی مرۆڤ بەرپرسیارێتییەکی بە کۆمەڵە و پێویستی بە کاری پێکەوەیی بەردەوام هەیە.
ئەرکی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکاریی عێراق (یونامی) کە لە ساڵی 2003ەوە دامەزراوە، لە قۆناغی کۆتاییهاتن و گۆڕانکاریدایە، لە ماوەی زیاتر لە دوو دەیەی ڕابردوودا، ئەم نێردەیە ڕۆڵی هەبووە لە چاودێریکردنی هەڵبژاردنەکان، پرسی مافی مرۆڤ و نێوەندگیریی نێوان پێکهاتەکان. ئاماژەدان بە ساڵی 1996 و بڕیاری 986 (نەوت بەرانبەر خۆراک) لەلایەن ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکوومەتی هەرێمەوە، وەک وەبیرهێنانەوەیەکە بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کە هەرێمی کوردستان لە سەردەمی گەمارۆکانیشدا توانیویەتی نموونەیەکی جیاواز لە بەڕێوەبردن و شەفافیەت نیشان بدات، بەڵام لە عێراقی نوێدا هێشتا گرفتە بنەڕەتییەکان کە نەتەوە یەکگرتووەکان دەیتوانی ڕۆڵی تێدا بگێڕێت، بە هەڵپەسێردراوی ماونەتەوە.
