توێژینەوەیەکی نوێ لەسەر کاریگەری پلازمای چارەسەرکراوانی کۆرۆنا ئەنجام دەدرێت
ئایە بەڕاستی پلازما سوودی بۆ تووشبووان هەیە؟
K24- هەولێر:
لە ئەرجەنتین تاقیکردنەوە و توێژینەوەیەکی نوێ لەسەر کاریگەری پلازمای ئەو کەسانەی لە کۆرۆنا چاکبوونەتەوە دەکرێت.
بەگوێرەی ئەنجامی توێژینەوەکە، پلازماکە سوودێکی کەمی بۆ ئەو کەسانە هەیە کە تووشی کۆرۆنا بوون و دۆخیان ناجێگیرە.
توێژینەوەکە لەسەر 333 کەس کراوە، بەشێوەیەکی زانستیانە پلازمای کەسانی چاکبووەوەیان پێدراوە کە دژە تەنیان تێدایە، بەڵام سوودێکی ئەو تۆی نەبووە.
پێشتر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا رایگەیاندبوو، بەکارهێنانی پلازما، کاریگەری زۆر گەورەی لەسەر تووشبووانی کۆرۆنا هەیە.
لە هیندستانیش، توێژینەوە لەسەر کاریگەری پلازما کراوە، تێیدا ئەوە ئاشکرا کراوە، لە ماوەیەکی کەم خایەن، پلازماکە کاریگەری لەسەر باشتربوونی هەناسەدان و کەمبوونەوەی شەکەتی هەیە، بەڵام سوودەکەی کاتییە و ئەگەری مەترسی مردن کەمناکاتەوە.
توێژینەوەکەی ئەرجەنتینیش ئەوەی ئاشکرا کردووە، دوای 30 رۆژ لە پێدانی پلازما، رێژەی ئەگەری مردن تەنها 0.4% کەمیکردووە.
Reuters