حکوومەتی عێراق زیاتر لە ساڵێک و هەشت مانگە پارەی کۆمپانیا و بەڵێندەران خەرج ناکات
ژمارەیەکی زۆر لە بەڵێندەرانی کەرکووک و پارێزگاکانی دیکەی عێراق لە بەغدا و لەبەردەم ناوچەی سەوز گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان ئەنجامدا، بەڵێندەران داوا دەکەن حکوومەتی عێراق شایستە داراییەکانیان بۆ خەرج بکات کە ماوەی نزیکەی دوو ساڵە ڕاگیراوە و بڕەکەی دەگاتە 18 ترلیۆن دینار.
نزیکەی 1100 کۆمپانیا و بەڵێندەر لە سەرتاسەری عێراق شایستە داراییەکانیان لە حکوومەت وەرنەگرتووە، تەنیا لە کەرکووک زیاتر لە 300 بەڵێندەر و خاوەن کۆمپانیا بەشدارن لە جێبەجێکردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان، بەڵام وەک خۆیان دەڵێن ماوەی ساڵێک و هەشت مانگە حکوومەت هیچ بڕە پارەیەکی بۆ خەرج نەکردوون.
نەوزاد ئەنوەر، سەرۆکی لقی کەرکووکی یەکێتیی بەڵیندەرانی عێراق لە لێدوانێکدا بە کوردستان24ـی ڕایگەیاند: "ئەمە سێیەم جارە خۆپیشاندان دەکەین، جارێک لەبەردەم وەزارەتی پلاندانان و جارێک لەبەردەم وەزارەتی دارایی، بەڵام تەنیا بەڵێنی بێ بنەمامان پێ دەدەن، ئێمە وەک بەڵێندەر پڕۆژەکانمان بە پارەی خۆمان جێبەجێ کردووە و زۆربەیان گەیشتوونەتە قۆناغی 90%ـی یان تەواو بوون، بەڵام حکوومەت پابەندی گرێبەستەکان نابێت."
لە گردبوونەوەکەدا چەندین بەڵێندەر نموونەی پڕۆژە تەواوکراوەکانیان خستەڕوو کە هێشتا پارەکەیان وەرنەگرتووە، لەوانە پڕۆژەی دروستکردنی پەیکەری مام جەلال و پەیکەری پێشمەرگە، باخچە گشتییەکان، هەروەها پڕۆژەی کۆنکرێتکردنی گەڕەکەکانی (پەنجا عەلی، شۆراو، فەیلەق، سەیادە، عروبە و سێکانیان).
بەڵێندەرێکی دیکە ئاماژەی بە مەترسییەکانی ڕاگرتنی بودجە کرد و گوتی: "پڕۆژەی ڕێگای کەرکووک-تکریت کە ڕێگایەکی ستراتیژییە و درێژییەکەی 62 کیلۆمەترە، نزیکەی 8 ملیار دینارمان لەلای حکوومەتە و خەرج ناکرێت، لە کاتێکدا بەهۆی خراپی ڕێگاکەوە تا ئێستا 130 هاووڵاتی گیانیان لەدەستداوە."
بەڵێندەران ڕەخنەی توندیان لە "تەیف سامی"، وەزیری دارایی عێراق گرت، کە داوای ڕاگرتنی پڕۆژەکانی لێکردوون بە بیانووی نەبوونی پارە، لەکاتێکدا پڕۆژەکان لە قۆناغی کۆتاییدان و ڕاگرتنیان زیان بە ژێرخانی شارەکان و سەرمایەی بەڵێندەران دەگەیەنێت، داواکاری سەرەکی خۆپیشاندەران ئەوەیە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بەپەلە بڕیاری خەرجکردنی شایستە داراییەکانیان دەربکات.
