هاوپەیمانی نێودەوڵەتی هێزەکانی لە باکووری سووریا ڕێک دەخاتەوە
ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ئاشکرای دەکات، لە ساڵی 2025دا هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی زۆرترین جموجۆڵی سەربازی هەبووە و 88 مەشق و ڕاهێنانی لەگەڵ هەسەدە ئەنجام داوە. هاوکات بەهۆی هەڕەشە ئەمنییەکانەوە هێزەکانی لە دێرزوورەوە بۆ حەسەکە گواستووەتەوە و پلانی کۆنترۆڵکردنی فڕۆکەخانە سەربازییەکانی بیابانی سووریا دادەڕێژێت.
بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، لە ماوەی ئەمساڵدا جموجۆڵ و چالاکییە سەربازییەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرکردایەتی ئەمەریکا لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و ناوچە بیابانییەکان بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.
ئامارەکان دەریدەخەن، زیاتر لە 100 فڕۆکەی بارهەڵگری سەربازی و لۆجستی لە بنکەکانی هاوپەیمانان نیشتوونەتەوە و نزیکەی 2500 بارهەڵگر گەیشتوونەتە ناوچەکە. هاوکات 88 مەشق و ڕاهێنانی سەربازیی هاوبەش لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ئەنجام دراون، کە بە فراوانترین ڕاهێنان لە ساڵی 2021ەوە دادەنرێن و تێیاندا فڕۆکەی جەنگی و هێلیکۆپتەر بەکارهاتوون.
سەبارەت بە گۆڕانکاری لە جووڵەی هێزەکان، هاوپەیمانان لە چوارچێوەی خۆڕێکخستنەوەیەکدا لە بنکە نەوتییەکانی دێرزوورەوە بەرەو حەسەکە کشاونەتەوە. ئەم بڕیارە دوای ئەوە هات کە بەردەوام هەڕەشەی مووشەکی و درۆنی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران لەسەر ئەو بنکانە هەبوو.
ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوەش داوە کە ئەمەریکا ستراتیژییەکی نوێی گرتووەتەبەر بۆ فراوانکردنی دەسەڵاتی لە بیابانی سووریا لە ڕێگەی دامەزراندنی بنکەی نوێ و هەوڵدان بۆ کۆنترۆڵکردنی فڕۆکەخانە سەربازییەکانی ناوچەکە، بەتایبەت لە تەدمور و ناوچە بیابانییەکان تا دەگاتە سوەیدا.
ڕۆژی شەممە، 13ـی کانوونی یەکەمی 2025، فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمەریکا (سێنتکۆم) ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردبووە و تێیدا ئاماژەی دابوو، لە ئەنجامی بۆسەیەک لە سووریا لە لایەن داعشەوە سێ هاووڵاتی ئەمەریکی کوژران و سێ سەربازی دیکەش بریندار بوون.
ڕۆژێک دوای کوژرانی دوو سەربازی ئەمەریکی و وەرگێڕێکی مەدەنی، بەرپرسێکی وەزارەتی ناوخۆی سووریا بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە: هەڵمەتێکی ئەمنی لە سەرانسەری بیابانی سووریا دەستیپێکردووە بۆ دۆزینەوە و لەناوبردنی شانە نووستووەکانی داعش، ئەوەش بە هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی."
هەروەها دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا بەڵێنیدابوو زۆر بە سەختی تۆڵە لە داعش دەکەنەوە و کورزێکی کوشندەی لێ دەدەن.
