ئیسرائیل مەرجی چەکداماڵینی یەکجاریی حەماس دەسەپێنێت
بەرپرسێکی ئیسرائیلی بیرۆکەی "داماڵینی چەکەکانی حەماس"ی بە "خەیاڵ" وەسفکرد و ڕەتیکردەوە، هاوکات جەختی کردەوە، ئیسرائیل بە هیچ شێوەیەک ئەوە قبووڵ ناکات.
ئەو بەرپرسە لە لێدوانێکیدا بۆ گۆڤاری (فۆرین پۆلیسی) ڕایگەیاندووە: "دەبێت حەماس چەک بکرێت و هەرواش دەبێت. کەرتی غەززەش لە چەک دادەماڵرێت، وەک چۆن لە پلانی 20 خاڵیی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکادا هاتووە".
بەرپرسەکە جەختی لەوەش کردەوە "ئیسرائیل پابەندە بە پلانی ترەمپ و لە سەرەتای ئاگربەستەکەوە پشتگیری لە ناوەڕۆکەکەی کردووە".
هەروەها بە گۆڤارەکەی وتووە: "ئیسرائیل ئاسایشی سنوورەکانی مسۆگەر دەکات و چیتر غەززە هیچ مەترسییەک بۆ سەر دەوڵەتی جوولەکە دروست ناکات".
سەرەڕای ڕاگەیاندنی گەشبینانەی ئیدارەی ترەمپ سەبارەت بە ڕێککەوتنی ئاشتیی غەززە، بەڵام هەنگاونان بۆ قۆناغی داهاتووی پلانەکە ڕووبەڕووی ئاستەنگی بەرچاو دەبێتەوە.
داماڵینی چەکی حەماس کە بەردی بناغەی پلانەکەیە، گەورەترین ئاڵنگارییە کە دەبێت تێپەڕێنرێت. بزووتنەوەکە لەم دواییانەدا ئاماژەی بەوە دابوو، ڕەنگە ئامادە بێت بۆ چەک دانان یان هەڵگرتنی چەکەکانی، نەک داماڵینی تەواوەتی، بەڵام ئیسرائیل بە کەمتر لە داماڵینی تەواوەتیی چەک ڕازی نابێت، تەنانەت ئەگەر بە زەبری هێزیش بێت.
لە دوای ئاگربەستەکەی مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردووەوە، هێزەکانی ئیسرائیل کۆنترۆڵی نیوەی ڕۆژهەڵاتی کەرتی غەززەیان پاراستووە کە تا ڕادەیەکی زۆر چۆڵ کراوە، لە کاتێکدا زۆربەی دانیشتووانی کەرتەکە ژمارەیان زیاتر لە دوو ملیۆن کەسە- لەنێو وێرانەکانی نیوەی ڕۆژئاوای کەرتی غەززەدا دەژین.
ڕێککەوتنەکە داوای پێکهێنانی هێزێکی سەقامگیریی نێودەوڵەتی دەکات، لەژێر سەرپەرشتی و ماندێتیی نەتەوە یەکگرتووەکاندا بێت بۆ یارمەتیدان لە پاراستنی ئاشتی.
بەرپرسانی ئەمەریکا بە ئاژانسی ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاندووە، ئەمڕۆ سێشەممە فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا لە دەوحە کۆنفرانسێک لەگەڵ وڵاتانی هاوبەش ساز دەکات، بە مەبەستی داڕشتنی پلانێک بۆ ئەرکی هێزی سەقامگیریی نێودەوڵەتی.
