دەزگای خێرخوازیی بارزانی چارەنووسی ونبوویەکی کۆیە و تەرمێک لە پۆڵەندا ئاشکرا دەکات
ئەمڕۆ سێشەممە، 16ـی کانوونی یەکەمی 2025، دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە ڕاگەیەندراوێکدا وردەکاریی پڕۆژەیەکی نوێی مرۆیی بۆ بەدواداچوونی چارەنووسی ونبووان ئاشکرا کرد.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، دەزگای خێرخوازیی بارزانی وەک ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتی و لە چوارچێوەی ئەرکە مرۆییەکانیدا، پڕۆژەیەکی تایبەتی بۆ سۆراخکردن و لێکۆڵینەوە لە ونبووان خستووەتە گەڕ. لە ڕێگەی ئەم پڕۆژەیەوە تا ئێستا چەندین کەیس یەکلایی کراونەتەوە و ونبووەکان بە کەسوکاریان شاد کراونەتەوە.
دەزگاکە ئاماژەی بەوە کردووە، لە ئێستادا نوێنەرایەتییەکەیان لە ئەوروپا و بەریتانیا، دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە لەسەر چارەنووسی ژمارەیەک هاووڵاتیی کورد کە لە ساڵانی ڕابردوودا لە سنووری نێوان بیلاڕووسیا و پۆڵەندا بێسەروشوێن بوون.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، لە ئەنجامی بەدواداچوونەکاندا، سەرەداوی هاووڵاتییەکی ونبووی خەڵکی "کۆیە" دۆزراوەتەوە و دۆسیەکەی گەیشتووەتە قۆناغی پشکنینی (DNA). هاوکات تیمەکانی دەزگا بە هاوکاریی داواکاری گشتیی پۆڵەندا و ژمارەیەک چالاکوان و ڕۆژنامەنووس، دۆسیەی هاووڵاتییەکی دیکەیان گەیاندووەتە قۆناغی کۆتایی کە بەداخەوە گیانی لەدەستداوە.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە ڕێگەی ڕاپۆرتێکی کەناڵی کوردستان24رەوە وێنە و زانیارییەکانی ئەو کۆچکردووە دەخاتە ڕوو، داواش لە هاووڵاتییان دەکات هەرکەسێک دەیناسێتەوە، پەیوەندی بەو ژمارە تەلەفۆنەوە بکات کە لە ڕاپۆرتەکەدا دیاری کراوە، یان ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە ئۆفیسی سەرەکیی دەزگای خێرخوازیی بارزانییەوە لە هەولێر بکەن.


