نێچیرڤان بارزانی پیرۆزبایی لە یانە و هاندەرانی زاخۆ دەکات

ئەمڕۆ سێشەممە، 16ـی کانوونی یەکەمی 2025، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکیدا پیرۆزبایی لە دەستەی کارگێری و هاندەرانی یانەی وەرزشیی زاخۆ دەکات.

دەقی پەیامی نێچیرڤان بارزانی؛

بەڕێزان سەرۆک و دەستەی کارگێڕی و هاندەرانی یانەی وەرزشیی زاخۆ،

بە گەرمی پیرۆزباییی ئەم دەستکەوتە جیهانییەتان لێ دەکەم کە تێیدا هانده‌رانی دڵسۆزی یانەی زاخۆ له‌لایه‌ن فیفاوه‌ وەک باشترین و کاریگەرترین هانده‌ر لەسەر ئاستی جیهان دەستنیشان کران.

ئەم نازناوە جیهانییه‌، تەنها سەرکەوتنێک نییە بۆ یانەی زاخۆ، بەڵکوو شانازییە بۆ تەواوی بزووتنەوەی وەرزشی لە هەرێمی کوردستان و عێراق.

ئێوە بە جۆش و خرۆش و شێوازی شارستانییانەی هاندان، یاریگاکه‌تان کرده‌ تابلۆیەکی هونەریی جوان و پەیامی ئاشتی و خۆشەویستی و ژیاندۆستیی گەلی کوردستانتان بە جیهان گەیاند.

دڵسۆزی و وەفاداریی خەڵکی خۆشەویستی زاخۆ بۆ یانەکەیان، نموونەیەکی باڵایە. هیوادارم هەمیشە وەک پێشەنگ بمێننەوە و پاڵپشتێکی بەهێز بن بۆ پێشکەوتنی وەرزش و بەرزڕاگرتنی ناوی کوردستان.

دووبارە پیرۆزباییتان لێ دەکەم و هەر سەربەرز و سەرکەوتوو بن.