ئێران و ڕووسیا پەیوەندیی ستراتیژی و بەرەنگاربوونەوەی سزاکانی ڕۆژئاوا تاوتوێ دەکەن
وەزیری دەرەوەی ئێران بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە مۆسکۆ و بڕیارە سبەینێ بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی نێوان هەر دوو سەرۆکی ڕووسیا و ئێران و دۆزینەوەی میکانیزمی دارایی نوێ دژی سزاکانی ڕۆژئاوا، لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەو ڕووسیا کۆببێتەوە.
نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە 16ـی کانوونی یەکەمی 2025، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران گەیشتە مۆسکۆی پایتەختی ڕووسیا و بڕیارە ڕۆژی چوارشەممە لەگەڵ سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە دیدارێکی گرنگ ئەنجام بدات.
وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا لە ڕاگەیەندراوێکدا وردەکاریی دیدارەکەی ئاشکرا کردووە و ڕایگەیاندووە؛ تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکە بەدواداچوون دەبێت بۆ جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتنانەی کە لەسەر ئاستی باڵا لە نێوان ڤلادیمیر پوتن و مەسعود پزیشکیان، سەرۆکی ئێران (لە 12ی کانوونی یەکەم لە ئەشکئاباد و 1ی ئەیلوول لە تیانسزین) واژۆ کراون.
هەروەها ئامادەکاری دەکرێت بۆ 19هەمین دیداری کۆمیسیۆنی هەمیشەیی هاوبەشی ئێران-ڕووسیا بۆ هاوکاریی ئابووری و بازرگانی کە بڕیارە لە شوباتی 2026 بەڕێوەبچێت، بەتایبەت لە بوارەکانی وزە و گواستنەوەدا.
لە بەشێکی تری ڕایگەیاندراوەکەدا هاتووە، گفتوگۆ لەسەر دۆسیە گەرمە نێودەوڵەتییەکان دەکرێت، بەتایبەت دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران کە مۆسکۆ پێیوایە "ڕۆژئاوا کردوویەتی بە قەیران" و هۆشداریدەدات لەوەی دەکرێت لێکەوتەی نەرێنی لەسەر ئاسایشی ناوچەکە هەبێت. هاوکات دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، باشووری قەوقاس، دەریای قەزوین و ئەفغانستان بەشێکی دیکەی گفتوگۆکان دەبن.
مۆسکۆ جەختی کردووەتەوە، تاران و مۆسکۆ خاوەنی یەک ڕوانگەی هاوبەشن بۆ دروستکردنی جیهانێکی فرەجەمسەر و دیموکرات دوور لە هەژموونی تاکلایەنە، ئەمەش لە چوارچێوەی هاوکارییەکانیان لە ڕێکخراوەکانی وەک (BRICS) و (SCO).
سەبارەت بە سزاکانیش، وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا ڕایگەیاندووە: وێڕای فشارە نایاساییەکانی ڕۆژئاوا، هەنگاو دەنێین بۆ ڕێکخستنەوەی سیستەمی دارایی و بانکیی نێوانمان بە شێوەیەک کە کاریگەریی سزاکان نەهێڵین.
کۆبوونەوەکە بە ئامانجی بەهێزکردنی پەیوەندییە دۆستانەکان و تەواوکردنی ڕێککەوتنی هاوبەشی ستراتیژیی نێوان هەر دوو وڵات بە ڕێوە دەچێت.
