خەڵکی پێنجوێن: داهاتی مەرزەکان بۆ لایەنێکی دیاریکراو دەچێت و خزمەتگوزاری لە دەڤەرەکەمان نییە
هاووڵاتییانی قەزای پێنجوێن لە نەبوونی خزمەتگوزارییەکان و خراپیی ڕێگای سەرەکیی دەروازەی باشماخ نیگەرانن. ئەوان دەڵێن، سەرەڕای بوونی دوو دەروازەی نێودەوڵەتی، داهاتەکەیان بۆ خزمەتی خەڵکی ناوچەکە خەرج ناکرێت و گەندەڵی و قاچاخچێتی بە ڕێژەیەکی زۆر بوونی هەیە.
کەیوان فایەق، هاوڵاتییەکی پێنجوێنە و لە بە کوردستان24 ڕایدەگەیەنێت، بۆ کارکردن لە مەرزی باشماخ پێویستە پشتگیری حزبیت هەبێت. ئاماژە بەوە دەکات، داهاتی مەرزەکان بەشێکی کەمی بۆ حکوومەتە و بەشێکی دیکەی بۆ لایەنێکی تایبەت دەچێت.
دەشڵێت: ڕێگای پێنجوێن بۆ باشماخ کە تەنیا 7 کیلۆمەترە، ماوەی 15 ساڵە تەواو نەبووە، بۆیە هەستمان بەوە نەکردووە کە داهاتی مەرزەکان بۆ خزمەتی ئێمە بێت.
لەلایەکی ترەوە، سەروان ڕەشید، کە یەکێکە لە کاسبکارانی دەڤەرەکە ڕوونی دەکاتەوە کە خێر و بێری ئەم مەرزانە تەنیا لە خزمەتی یەکێتی و کەسە دەستڕۆیشتووەکانی ئەو حزبەدایە. ئەو دەڵێت: ئەگەر کەسێکی بەرپرس نەناسیت، ناتوانیت بژێویی خۆت و خێزانەکەت دابین بکەیت.
سەروان باس لە دیاردەی قاچاخچێتی بە هەماهەنگی دەکات و دەڵێت: "20% بۆ 30%ی بارەکان بەبێ گومرگ و بە هەماهەنگی بۆ سلێمانی دەچن، ئەمەش وایکردووە داهاتی باشماخ بە شێوەیەکی بەرچاو کەم بکات."
سامی تەتانی، هاوڵاتییەکی دیکەی ناڕازییە و دەڵێت: "پێنجوێن خاوەنی دوو مەرزی نێودەوڵەتییە، بەڵام داهاتەکەی دیار نییە و بۆ شوێنێکی نادیار دەچێت." جەخت دەکاتەوە کە ئەگەر ئەو پارەیە بۆ پێنجوێن خەرج بکرایە، ئێستا دۆخی شارەکە زۆر باشتر دەبوو، بەڵام هیچ خزمەتگوزارییەک نەکراوە.
خەڵکی ناوچەکە داوا دەکەن کە داهاتی مەرزەکان بۆ ئاوەدانکردنەوەی پێنجوێن بەکاربهێنرێت و سنوورێک بۆ دەستێوەردانی حزبی و قاچاخچێتی دابنرێت.
