دیمەشق بە چەکی قورس دەوروبەری بەنداوی تشرین تۆپباران دەکات
هێزەکانی سووریای دیموکرات(هەسەدە) ئاشکرای دەکات، هێزە چەکدارەکانی سەر بە حکوومەتی دیمەشق سنووری ئاگربەستیان بەزاندووە و بە چەکی قورس هێرشیان کردووەتە سەر ناوچە ئاوەدانییەکانی دەوروبەری بەنداوی تشرین، ئەمەش بە هەڵکشانێکی مەترسیدار وەسف دەکەن کە ڕاستەوخۆ ژیانی هاووڵاتییانی مەدەنی خستووەتە مەترسییەوە.
بەگوێرەی زانیارییە بڵاوکراوەکانی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، لە درەنگانی شەوی ڕابردوودا گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکوومەتی ناوەندیی سووریا چەند ناوچەیەکی ستراتیژیان تۆپباران کردووە.
لە هێرشەکەدا چەکی قورس و تۆپ بەکارهاتووە و بە دیاریکراوی گوندەکانی حەج حوسێن و شێخ مەحشی، لەگەڵ بەرزاییەکانی گردی سیریاتێل لە دەوروبەری بەنداوی تشرین کراونەتە ئامانج.
هەسەدە بەرپرسیارێتی تەواوی ئەم ئاڵۆزییانەی خستووەتە ئەستۆی حکوومەتی دیمەشق و جەختی لەوە کردووەتەوە، ئەم جۆرە جووڵە سەربازییانە هەڕەشەی راستەوخۆن بۆ سەر سەقامگیری ناوچەکە و سەلامەتی دانیشتووانەکەی، کە پێویستە ڕێگری لێ بکرێت.
بەنداوی تشرین دەکەوێتە سەر رووباری فورات، یەکێکە لە خاڵە ستراتیژییەکانی باکووری سووریا و لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سووریای دیموکراتدایە، ئەم پێشێلکارییە سەربازییە نوێیە هاوکاتە لەگەڵ ڕاگەیەندراوەکەی پێشووی هەسەدە کە ئاماژەیان بەوە کردبوو گفتوگۆکانیان لەگەڵ دیمەشق بۆ یەکخستنی هێزەکان و چارەسەری سیاسی گەیشتووەتە بنبەست و حکوومەتی سووریا وەڵامی دەستپێشخەرییەکانیانی نەداوەتەوە.
