به‌رپرسێكی حه‌شد راهێنانی پێده‌كرێت بۆ ئه‌وه‌ی له سوپا پله‌یه‌كی به‌رزی پێ بدرێت
هاوكات سزاكانی ئه‌مه‌ریكا ده‌یگرێته‌وه
K24 – هه‌ولێر:
به گوێره‌ی زانیارییه میدیاییه‌كان، سوپای عێراق راهێنان به به‌رپرسێكی لایه‌نگری ئێران و فه‌رمانده‌ی حه‌شد ده‌كات، كه هاوكات سزاكانی ئه‌مه‌ریكا ده‌یگرێته‌وه و تۆمه‌تباره به كوشتنی خۆپیشانده‌ران، بۆ ئه‌وه‌ی ببێته ئه‌فسه‌رێكی باڵای سوپای عێراق.
به گوێره‌ی ئه‌و به‌ڵگانه‌ی ده‌ستكه‌وتوون، "حسێن فالح عه‌زیز" ناسراو به "ئه‌بو زه‌ینه‌ب لامی" ره‌وانه‌ی ده‌ره‌وه‌ی وڵات ده‌كرێت له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك ئه‌فسه‌ر، بۆ ئه‌وه‌ی راهێنانی سه‌ربازی پێ بكرێت و بۆ ماوه‌ی ساڵێك له خولی راهێناندا بێت.
له به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كی وه‌زاره‌تی به‌رگریدا، ئه‌و فه‌رمانده‌یه‌ی حه‌شد به پله‌ی "لیوا" خراوه‌ته لیستی ئه‌و ئه‌فسه‌رانه‌ی هاوینی داهاتوو ره‌وانه‌ی ده‌ره‌وه ده‌كرێن بۆ راهێنان.
ره‌خنه‌گرانی ئه‌و پرۆسه‌یه، پێیان وایه، دانانی "لامی" له ریزی ئه‌و ئه‌فسه‌رانه‌ی ره‌وانه‌ی ده‌ره‌وه ده‌كرێن، هه‌وڵێكه بۆ به‌هێزكردنی پێگه‌ی ئێران له ریزی سوپای عێراقدا.
هه‌ندێكی دیكه له‌و بڕوایه‌دان، دانانی ئه‌و فه‌رمانده‌یه‌ی حه‌شد، سازشێكی سه‌رۆك وه‌زیرانه بۆ حه‌شدی شه‌عبی ده‌كات له پێناو ده‌سته‌به‌ركردنی پشتیوانی حه‌شد له حكومه‌ته‌كه‌ی.
به‌رپرسێكی ئه‌منی عێراق، بێ ئه‌وه‌ی ناوی بهێنرێت، رایگه‌یاندووه، دوای ته‌واوكردنی ئه‌و خوله، "لامی" پۆستێكی باڵای له ریزی سوپای عێراق پێ ده‌درێت.
"لامی" به‌رپرسیارێتی ئه‌منی له حه‌شدی شه‌عبی هه‌بووه. ئه‌ندامی كۆمه‌ڵه‌ی "كه‌تیبه‌كانی حزبوڵڵا"ی لایه‌نگری ئێرانه. په‌یوه‌ندی ره‌سمیی و راسته‌وخۆی به ئێرانه‌وه هه‌یه.
له (2019)دا به هۆی به‌شداریكردنی له سه‌ركوتكردنی خۆپیشانده‌راندا، له لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاوه سزای به‌سه‌ردا سه‌پێندراوه، به‌ڵام خۆی ره‌تیده‌كاته‌وه هیچ ده‌ستێكی هه‌بووبێت له كوشتن و سه‌ركوتكردنی خۆپیشانده‌ران.
به‌رپرسێكی دیكه‌ی ئه‌منی عێراق، به ئاژانسی "رۆیته‌رز"ی وتووه: دانانی "لامی" له ریزی ئه‌و ئه‌فسانه‌ی ره‌وانه‌ی ده‌ره‌وه ده‌كرێن، له چوارچێوه‌ی هه‌وڵه‌كانی "مسته‌فا كازمیی"ـه بۆ نزیكبوونه‌وه له حه‌شدی شه‌عبی و به ده‌ستهێنانی ره‌زامه‌ندی و پشتیوانی ئه‌و میلیشیایه له كابینه‌ی حكومه‌ته‌كه‌ی.