بەلجیكا به‌ تۆمه‌تی هه‌وڵدان بۆ ئه‌نجامدانی ته‌قینه‌وه‌یه‌ك دیپلۆماتكارێكی ئێرانی دادگایی دەكات

چوار كەسن لەپێش دادگا ئامادە دەبن و رووبەڕووی زیندانی ھەتاھەتایی دەبنەوە

K24 – ھەولێر:

ئەمڕۆ ھەینی، دیپلۆماتكارێكی ئێرانی لە بەلجیكا دادگایی دەكرێت بە تۆمەتی ھەوڵدان بۆ ئەنجامدانی تەقینەوەیەك لە نێوان گردبوونەوەیەكی بەرھەڵستكارانی ئێرانی لە نزیك پاریس لە ھاوینی ساڵی 2018. ئەم پرسەش بووە ھۆی سەرھەڵدانی گرژی لە پەیوەندییەكانی نێوان فەرەنسا و ئێران.

پاریس، لە تشرینی یەكەمی ساڵی 2018، وەزارەتی ئیتڵاعاتی ئێرانی تۆمەتبار بەوەی لە پشت ئەو ھەوڵە تیرۆریستییەیە و تارانیش ئەم تۆمەتەی رەتكردەوە.

ئەو دیپلۆماتكاره‌ ناوی "ئەسەدوڵڵا ئەسەدی"یە تەمەنی 48 ساڵە و بەھۆی ئەو تۆمەتەی ئاراستەی كراوە لە دادگا رووبەڕووی سزای ھەتاھەتایی دەبێتەوە؛ گەرچی خۆی ئەو تۆمەتە رەتدەكاتە، بەڵام بەپێی سەرچاوەیەكی پێشووی فەرەنسایی ئەو كەسە "گومان لەسەر دەستنیشانكردنی وەك ئەندامێكی ھەواڵگیری ئێرانی نییە".

دەسەڵاتدارانی بەلجیكا توانیبوویان ھێرشێك پووچەڵ بكەنەوە، كە لە 30ی حوزەیرانی ساڵی 2018 لە فیلبنت لە نزیك پاریس، گربوونەوەیەكی گەورەی ساڵانەی "ئەنجوومەنی بەرخودانی ئێرانی" (ھاوپەیمانییەكی بەرھەڵستكارانی ئێرانیە بەسەركردایەتی "موجاھیدی خەڵق") كردبووە ئامانج.

لە دەمەبەیانی ئەو رۆژەدا پۆلیسی بەلجیكا، ژن و مێردێكی بەلجیكی بە رەگەز ئێرانییان لە ناوچەی برۆكسل دەستگیركرد، كە 500 گرام لە مادەی تەقێنەر و ئامێرێ تەقاندنەوەكەی لە ناو ئۆتۆمبێلەكەیاندا بووە.

ئەو ژن و مێردە، "نەسیمە نعامی (36 ساڵ) و ئەمیر سەعدونی (40 ساڵ)" لەگەڵ ئەسەدوڵڵا ئەسەدی و پییاوێكی دیكە بە ناوی میھرداد عارفانی (57 ساڵ)، كە گومان دەكرێت ئەویش دەستی ھەبوو بێت لە بابەتەكەدا،  لە پێش دادگای "ئەنتوێرب" تاوان لە بەلجیكا ئامادە دەبن.

ئەم چوار كەسە بە تومەتی "ھەوڵدان بۆ كوشتن بەمۆركی تیرۆریستی" و "بەشداریكردن لە چالاكی كۆمەڵەیەكی تیرۆریستیدا" دادگایی دەكرێن و رووبەڕووی سزای زیندانی ھەتاھەتایی دەبنەوە.

سەرچاوە: "ئەی ئێف پی"