ڕۆژانە ئاڵای کوردستان چاپ دەکرێت
خاوەنی چاپخانەیەک لە شاری هەولێر بۆ کوردستان24، دەڵێت:"ڕۆژانە داواکاری هەیە بۆ دروستکردنی ئاڵای کوردستان، بە چەندین جۆر و قەبارەی جیاواز دروستی دەکەین، نرخەکەشی بە گوێرەی قەبارەی ئاڵاکە دەبێت.
چوارشەممە 17ـی کانوونی یەکەمی 2025، ڕۆژی ئاڵای کوردستانە لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن و دامەزراوە فەرمییەکانی هەرێمی کوردستان و لای هاووڵاتیان ئەم ڕۆژە بەرز و پیرۆز ڕادەگیرێت، ئەمەش وایکردووە زیاتر لە کاتی ئاسایی خواست لە سەر ئاڵای کوردستان زیاد بکات.
لەمبارەیەوە خاوەنی یەکێک لە چاپخانەکانی شاری هەولێر بە کوردستان24ـی گوت:"ئێستا لە هەرێمی کوردستان بە باشترین و بەرزترین کوالێتی، دەتوانین ئاڵای کوردستان چاپ بکەین".
گوتیشی: بە گوێرەی داواکاری هاووڵاتیان دەتوانین قەبارەی جیاواز دروست بکەین، ڕۆژانە داواکاریمان هەیە، بەڵام لە بۆنە نیشتمانی و نەتەوەییەکاندا خواست زیاتر دەبێت، بە تایبەت لە ڕۆژی ئاڵا، نەورزۆ و کاتی هەڵبژاردنەکاندا.
باسی لەوەکردووە،"پێشتر بەشێکی زۆر لە ئاڵای کوردستان لە دەرەوەی وڵات چاپ دەکران، بەڵام ئێستا چاپخانەکانی هەرێمی کوردستان لە توانایاندا هەیە، ژمارەیەکی زۆر و بە قەبارەی جیاواز ئاڵای کوردستان چاپ بکەن".
ئاماژەی بەوەشکرد"بە گوێرەی داواکاری و قەبارەی ئاڵاکە تێچووەکەی دیاری دەکەن، بۆ نموونە، ئاڵای گەورە هەبووە بە نزیکەی یەک ملیۆن دینار چاپکراوە، هاوکات قەبارەی بچووک تێچووەکەی کەمترە، بەڵام لە هەردوو حاڵەتدا ئێستا چاپکردن لە ناوخۆ، بەراورد بە دەرەوە تێچووی کەمترە، لە هەمان کاتدا کوالێتیشی باشترە.
ئاماژەی بەوەکردوە، ساڵانە هەر چاپخایەک نزیکەی شەش هەزار ئاڵای کوردستان چاپ دەکات، ئەوانەی ئاڵای پیرۆزی کوردستان دەکڕن، دام و دەزگا حکوومییەکان و کەرتی تایبەتن، نرخی هەر ئاڵایەکیش لە دوو هەزار دینارەوە دەست بێدەکات تاوەکو دەگاتە یەک ملیۆن دینار.
17ـی کانوونی یەکەم، ڕۆژی ئاڵای کوردستانە لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن و دامەزراوە فەرمییەکانی هەرێمی کوردستان و لای هاووڵاتیان ئەم ڕۆژە بەرز و پیرۆز ڕادەگیرێت.
بەم بۆنەیەوە بە بڕیاری وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هەرچەندە لە ناوەندەکانی خوێندن تاقیکردنەوەکانی وەرزی یەکەم بەڕێوە دەچێت، بەڵام بەر لە چوونە هۆڵی تاقیکردەوەکان، کاتژمێرێک تەرخانکراوە و چەند چالاکییەک بۆ بەرز ڕاگرتنی ئاڵای کوردستان بەڕێوەدەچن.
له ساڵی 1919 دکتۆر کامەران بەدرخان ھەمان ئاڵای وەك ئاڵای کوردستان نیشانی وڵاتانی ئەوروپا داوە، لە ساڵانی شهستهكانیش (کۆمەڵەی خوێندکارانی کورد لە ئەوروپا) لە بۆنه جیاوازهكاندا ھەمان ئاڵایان بەرزکردووهتەوە.
دوای ساڵی 1970 ڕەوەندی کوردی لە بۆنە و یادەکاندا ئاڵای كوردستانیان ههڵكردووه.
هەروەها دوای ڕاپەڕینەکەی ساڵی 1991ی باشووری کوردستانيش لەسەر بارهگای پارت و حزبە سیاسییەکان و دامەزراوە میدیاییهكان بهرزكرایهوه.
پهرلهمانى كوردستان له دانیشتنی ڕۆژی 11/11/1999 یاسای ژماره (4)ی یاسای ئاڵای ههرێمی كوردستانی عێراقی دهرچوواند، ههروهها پەرلەمان به بڕیارى ژماره (48) لە 19/6/2009 ڕۆژى 17ى كانوونى یهكهمى ههموو ساڵێكى به ڕۆژى ئاڵاى هەرێمی كوردستانی ناساند.
ھۆکاری دیاریکردنی ئەم رۆژە بۆ 17ی کانوونی یەکەمی ساڵی 1945 دهگهڕێتهوه، كاتێك ئاڵای کوردستان لەسەر دامودەزگاکانی کۆماری كوردستان هێنرانە خوارەوە و پارێزگاریان لێکرا.
دواى شهكانهوهی ئاڵای كوردستان له سهنگهرهكانی بهرگریكردن له شەڕی دژی تیرۆر، ئاڵای كوردستان له سهرجهم سهكۆ جیهانییهكان بووه سیمبولێكی ناسراو و هێمای بهرخودانی پێشمهرگهی كوردستان.
واتا و هێمای رەنگەکانی ئاڵای کوردستان:
ڕەنگی سوور: شۆڕش، خوێن رژان لە جەنگ، ئازایی، هێز، یەکسانیی.
ڕەنگی زەرد: رووناکیی، درەوشانەوە، وریایی، ئاگر.
ڕەنگی سپی: ئاشتیی، ئارامیی، ئاگربەست.
ڕەنگی سەوز: سەوزایی، وڵات، پاراستن، لاویەتی.
