نێچیرڤان بارزانی: ئاڵای کوردستان شایەدی ڕێگەیەکی دوور و درێژی پشوودرێژی و خۆڕاگریی گەلەکەمانە
نێچیرڤان بارزانی: پەیمان دەدەین هەمیشە پارێزەری یەکڕیزی و دەستکەوتەکانمان بین
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، بەشداریی لە ڕێوڕەسمی یادی ڕۆژی ئاڵای كوردستاندا كرد، كە لە سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان بەڕێوەچوو و لە وتارێکدا بەمبۆنەوە گوتی: ئاڵای کوردستان، ناسنامە و کۆکەرەوهى گهلى كوردستان و یادەوەرییەکی زیندووە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 17ی کانوونی یەکەمی 2025، لە ڕێوڕەسمەكەدا نێچیرڤان بارزانی وێڕای پیرۆزبایی بە بۆنەی ڕۆژی ئاڵای کوردستان، وتارێكی پێشكەش كرد و ئەمڕۆ تەنیا یادکردنەوەی ڕۆژێک نییە لە ساڵنامەدا؛ بەڵکوو ئەمڕۆ نوێکردنەوەی پەیمانە بۆ ئەو هێمایەی کە ناسنامەی بوون، مێژوو، خەبات و ئاواتەکانمان بۆ ئازادی و ژیانێکی سەربەرزانە بەرجەستە دەکات.
سەرۆکی هەرێم گوتیشی: ئاڵای کوردستان، ناسنامە و کۆکەرەوهى گهلى كوردستان و یادەوەرییەکی زیندووە. ئەم ئاڵایە شایەدی ڕێگەیەکی دوور و درێژی پشوودرێژی و خۆڕاگریی گەلەکەمانە. لە ڕۆژانی سەختی خەباتدا، لەسەر لووتکەی چیاکان و لەناو شار و گوندەکاندا، ڕۆڵەکانتان ئەم ئاڵایەیان بە بەرزی ڕاگرت و بە خوێنی خۆیان، بە خەباتی خۆیان، پارێزگارییان لە مافی مانەوە و ژیانی گەلەكەیان کرد.
هەر لە وتارەکەیدا، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتی: ئەمڕۆ بە شانازییەوە دەبینین ئەم ئاڵایە لەسەر دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان، لە قوتابخانە و زانکۆکان، لە نەخۆشخانە و ناوەندەکان دەشەکێتەوە. ئەمە بەڵگەی ئەو سەرکەوتنەیە کە بە خوێنی شەهیدان و قوربانیدانی پێشمەرگە و خۆڕاگریی گهلى كوردستان به ههموو پێكهاتهكانييهوه، بەدەست هاتووە.
گوتیشی: لە ڕۆژی ئاڵادا، پەیامی ئێمە ڕوونە: هێزی ڕاستەقینەی کوردستان لە تهبايى و پێكهوهيى و یەکڕیزیماندایە. ئەم ئاڵایە هەموومان کۆدەکاتەوە، بە جیاوازیی بیروڕای سیاسی و ئایینی و نەتەوەیییەوە. لەژێر سێبەری ئەم ئاڵایەدا، دەبێ هەموومان شان بە شان کار بکەین بۆ کوردستانێکی سەقامگیر بۆ هەموو نەتەوە و ئایین و پێكهاتەكانی كوردستان، دادپەروەرتر و بەهێزتر بەرامبەر بە ئاڵنگارییەکان.

وەفاداریی ڕاستەقینە بۆ خوێنی شەهیدان و قوربانييهكانى گهلى كوردستان تەنها و تەنیا بە دروشم نابێت، بەڵکوو بە پاراستنی دەستکەوتەکان، بە چەسپاندنی سەروەریی یاسا، بە بنیاتنانی دامەزراوەی بەهێز و بە خزمەتکردنی باشترى هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان دەبێت.
نێچیرڤانی بارزانی بەشێکی پەیامەکەی ئاراستەی گەنجانی كوردستان کرد و گوتی: ئاڵای کوردستان تەنیا سیمبولی ڕابردوو نییە، بەڵکوو ئاڵای داهاتووە. ئەمە پەیامی هیوا و ئومێدە بۆ ئێوە. نیشتمان پێویستی بە زانست، بە وزە، بە داهێنان و خەونی ئێوەیە. کوردستان بە زانست و زانين، بە کار و کۆشش، بە ئابوورییەکی بەهێز و بە ئاشتی ئاوەدان دەکرێتەوە.
هەر لە گوتارەکەیدا ئاماژەیداوە، لە کاتێکدا بە شانازییەوە ئاڵاکەمان بەرز دەکەینەوە، لە هەمان کاتدا پابەندیی خۆمان بە هاوبەشیی دەستووری لە عێراقێکی فیدراڵی و دیموکراسیدا دووپات دەکەینەوە. ئێمە دەمانەوێت ئەم ئاڵایە هەمیشە پەیامی ئاشتی، گفتوگۆ، پێکەوەژیان و دراوسێیەتیی باش بگەیەنێت. کوردستان وەک هەمیشە فاکتەری سەقامگیری و پردی لێکتێگەیشتن دەبێت.
هەروەها گوتی: لەم ڕۆژە پیرۆزەدا، سەری ڕێز و نەوازش بۆ شەهیدانی کوردستان دادەنوێنین کە ئەم ئاڵایەیان بە خوێنی خۆیان نەخشاندووە. هاوکات سڵاوی ئاراستەی هێزی پێشمەرگە کرد و گوتی: سڵاو و ڕێز و پێزانین بۆ پێشمەرگە قارەمانەکانمان کە پارێزەری ئەم خاک و ئەم ئاڵایەن.
لە کۆتایی وتارەکەیدا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان جەختیکردەوە و گوتی: پەیمان دەدەین کە هەمیشە پارێزەری یەکڕیزی و دەستکەوتەکانمان بین و ئاڵای کوردستان بە بەرزی و شەکاوەیی ڕابگرین.
