سەفین دزەیی: پێویستە لەژێر سێبەری ئاڵاکەماندا یەکڕیزیی خۆمان بپارێزین

ئەمڕۆ چوارشەممە، 17ـی کانوونی یەکەمی 2025، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەبۆنەی ڕۆژی ئاڵای کوردستانەوە پیرۆزبایی لە کوردستانیان کرد و ڕایگەیاند: "ئێمەش وەکو گەلانی دیکە خاوەنی سیمبولی نەتەوەیی و ئاشتیی خۆمانین کە شانازی پێوە دەکەین، ئاڵا سیمبولی قوربانیدان و خەباتی بێوێنەی گەلەکەمانە."

سەفین دزەیی خۆشحاڵی خۆی دەربڕی کە ئەمڕۆ لە ناوەوە و دەرەوەی کوردستان بە جۆش و خرۆشەوە ئەم ڕۆژە بەرز ڕادەگیرێت و گوتی: "بە ئومێدی ئەوەین هەموومان لەژێر چەتری ئاڵاکەماندا کۆببینەوە و یەکڕیزیی خۆمان بپارێزین، تا بتوانین ڕووبەڕووی ئەو ئالنگارییانە ببینەوە کە یەخەی گەلە ستەمدیدەکەمان دەگرن."

سەبارەت بە مێژووی دیاریکردنی ئەم ڕۆژەش ئاماژەی بەوە دا: "ڕۆژی ئاڵا لە پەرلەمانی کوردستانەوە دەنگی لەسەر دراوە، بەڵام پێشتر تەنیا وەک ڕۆژێکی ڕۆژمێری مابووەوە و هیچ بۆنەیەکی بۆ نەدەگێڕدرا، بۆیە لە کەرتی پەروەردە بڕیارمان دا ئەم ڕۆژە تەنیا ڕۆژێکی ئاسایی نەبێت، بەڵکو بکرێتە بۆنە و ئاهەنگی بۆ بگێڕدرێت، ئێستاش جێگەی شانازییە کە لە تەواوی دامودەزگا فەرمییەکاندا ئەم یادە بەرز ڕادەگیرێت."