بەهای تومەن بەردەوامە لە بێهیواکردنی خەڵکی ئێران
پاشەکشەی بەهای تومەن بەرانبەر دراوە جیهانییەکان بەردەوامە و بووەتە مایەی گرانیی کەلوپەل و پێداویستییە ڕۆژانەکانی خەڵک.
چوارشەممە، 17ـی کانوونی یەکەم 2025، بە گوێرەی تۆڕی ڕاگەیاندنی نرخی دراو و زێڕی ئێران، ئەمڕۆ لە بازاڕەکانی ئێراندا 100 دۆلاری ئەمەریکی بە 13 ملیۆن و 175 هەزار تومەن مامەڵەی پێوە کراوە و 100 یۆرۆ بەرانبەرە بە 15 ملیۆن و 410 هەزار تومەن.
بەهای یەک دیناری عێراقی بۆ یەکەم جار لە مێژوودا گەیشتووەتە 122 تومەن، واتە هەزار دیناری عێراقی بەرانبەرە بە 122 هەزار تومەن.
لەهەمان کاتدا، نرخی یەک مسقاڵ زێڕی 18 عەیار، گەیشتووەتە 59 ملیۆن و 68 هەزار تومەن.
بەردەوامی پاشەکشەی بەهای تومەن، کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر گرانیی نرخی کەلوپەل و پێداویستییە ڕۆژانەکانی خەڵک داناوە؛ بە تایبەتی کەسانی کەمداهات.
