پوتن: ئەورووپییەکان لە بارەی هێرشی ڕووسیا بۆ سەر کیشوەرەکەیان درۆ دەکەن

 

ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی ڕووسیا، ڕایگەیاند، لێدوانی سەرکردە ئەورووپییەکان سەبارەت بە ئەگەری دەستپێکردنی هێرشی ڕووسیا بۆ سەر ئەورووپا "درۆ و بێمانا"یە.

چوارشەممە 17ـی کانوونی یەکەمی 2025، ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی ڕووسیا، لە میانی کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ وەزارەتی بەرگری ڕووسیا، ڕایگەیاند، "لە ئەورووپا ترس لە مێشکی خەڵکدا دەچێنن سەبارەت بە پێکدادان لەگەڵ ڕووسیا و ئاستی هەستیاری خۆیان بەرز دەکەنەوە، بانگەشەی پێویستی ئامادەکاری بۆ شەڕێکی گەورە دەکەن، من چەندین جار گوتوومە ئەمە درۆ و خەیاڵە، خەیاڵێکی بەتاڵ و پاکە".

جەختی لەوە کردەوە، بە ئاماژەدان بە هۆشدارییە دووبارەبووەکانی ڕۆژئاوا سەبارەت بە مەترسی ئەگەری هێرشی ڕووسیا بۆ سەر وڵاتانی ئەورووپا، ئەم بانگەشانە بێ بنەمان.

هەروەها گوتویەتی:" مووشەکی "ئۆرێشنیک" هایپەرسۆنیکی مەودای مامناوەند تا کۆتایی ئەمساڵ دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەگەر هەیە لە هێرشەکانماندا بەکاریبهێنین.

سەرۆکی ڕووسیا ئاماژەی بەوەشکردووە، مووشەکی "کروز بورێڤێستنیک" بە مەودای بێسنوور و ژێردەریایی بێ سەرنشینی "پۆسێدۆن" بۆ دەیان ساڵی داهاتوو گەرەنتی یەکسانی ستراتیژی و ئاسایشی ڕووسیا دەکات، جەختیشی لەوە کردەوە کە ڕووسیا بەردەوام دەبێت لە باشترکردنی ئەم دوو جۆرە چەکە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، "مووشەکی ستراتیژی "بورێڤێستنیک" و ژێردەریایی بێ سەرنشینی "پۆسێدۆن" بە سەرکەوتوویی تاقیکراونەتەوە، هاوکات گوتویەتی:"ئێمە بەردەوام دەبین لە کارکردن لەسەریان، بەردەوامیش دەبین لە باشترکردن و پەرەپێدان و مۆدێرنکردنیان".

لە بارەی دۆسیەی ئەتۆمییەوە پوتن دەڵێت:" بەهێزکردنی هێزە ئەتۆمییە ستراتیژییەکان لە پێشینەی کارەکانی ڕووسیایە، بەو پێیەی ئەوان توخمێکی بنەڕەتی ڕێگریکردنن لە هەر ئەگەرێکی نەخوازراو یاخود هەر هەڕەشە و پەلامارێکی دەرەکی بۆ سەر وڵاتەکەمان.

ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی ڕووسیا، جەختی لەوەکردووەتەوە، کە تواناکانی سوپای ڕووسیا بەردەوام لە پەرەسەندندان، هەروەها هێزی دەریایی ڕووسیا ئەمساڵ چەندین ژێردەریایی نوێی وەرگرتووە، لەوانە کەشتیی ستراتیژیی مووشەکی هەڵگری "کنیاز بوژارسکی"، لەگەڵ 19 کەشتی جەنگی دیکەی جۆراو جۆر.

قسەکانی ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی ڕووسیا، لە کاتێکدایە، هەوڵەکان بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕی نێوانیان لەگەڵ ئۆکرانیا بەردەوامی هەیە. 

دووشەممە 15ـی کانوونی دووەمی 2025، ڕۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"، ئاشکرایکردووە، ئەو خولە دانوستانەی کە یەکشەممە لە بەرلین دەستیپێکردووە، بەردەوام دەبێت و چەند سەرکردەیەکی ئەورووپی بەنیازن بەشداری بکەن لە چوارچێوەی فراوانکردنی بەشداریی سیاسی لە پرۆسەی چارەسەری قەیرانی ئۆکرانیا.

ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، دانوستانەکان لەسەر پرسی ئۆکرانیا لە بارەگای ڕاوێژکاری ئەڵمانیا دەستیپێکردووە، بە بەشداری ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا و جارێد کوشنەر، هاوکات ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا یەکێکی دیکەیە لە بەشداربووەکان.

لەمبارەیەوە سیتڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا، ڕایگەیاندووە، لە گفتوگۆکاندا لەگەڵ شاندی ئۆکرانیا لە بارەی پلانە 20 خاڵییەکەی ئەمەریکا بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا، بەرەوپێشچوونی باش هەبووە.

ئیدارەی ئەمەریکا پێشتر پەرەپێدانی پلانی یەکلاکردنەوەی ئۆکرانیای ڕاگەیاندبوو، هاوکات کرێملین دووپاتی کردبووەوە کە ڕووسیا کراوەیە بۆ دانوستانەکان و پابەندە بە دانوستانەکانی ئەنکۆریدج.

ڕۆژی یەکشەممە، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا، ڕایگەیاند، وڵاتەکەی ئامادەیە دەستەبەرداری ئەندامێتی ناتۆ ببێت، بە مەرجێک کیێڤ گەرەنتی ئەمنی لە ئەمەریکا و یەکێتی ئەورووپا وەربگرێت.

لە بەرانبەردا، یوری ئوشاکۆڤ، یاریدەدەری سەرۆکی ڕووسیا، جەختی لەوەکردووەتەوە، مۆسکۆ بە توندی ناڕەزایەتی دەردەبڕێت ئەگەر پێشنیازەکانی کیێڤ و برۆکسل بۆ یەکلاییکردنەوەی کێشەی ئۆکرانیا بخرێتە ناو پلانی ئاشتییەوە، هاوکات ڕایگەیاندووە، ئەگەر ئەو جۆرە هەموارکردنانە بکرێن، ئێمە ناڕەزایەتییەکی توندمان دەبێت، چونکە پێشتر ئێمە هەڵوێستی خۆمان زۆر ڕوون کردووەتەوە.

 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل