پۆلیسی ئێران هاووڵاتییەکی ئێرانیی-سویدی بە تۆمەتی سیخوڕیی بۆ مۆساد، دەستگیر کرد

هێزە ئەمنییەکانی ئێران، هاووڵاتییەکی خاوەن دوو ڕەگەزنامەی سویدی-ئێرانییان بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل 'مۆساد' دەستگیر کردووە.

ئەسغەر جیهانگیر، گوتەبێژی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران، دوێنێ، سێشەممە، بە ئاژانسی هەواڵی 'تەسنیم'ـی ڕاگەیاند، "تۆمەتبارەکە ساڵی 2020، ڕەگەزنامەی سویدیی وەرگرتووە و هەر لەویش نیشتەجێ بووە و مانگێک پێش دەستپێکردنی جەنگی 12 ڕۆژە، گەڕاوەتەوە ئێران و لە دەوروبەری شاری کەرەج، لە ڤیلایەکدا نیشتەجێ بووە و چەند ئامێری ئەلیکترۆنی سیخوڕیی لا بووە."

جیهانگیر، بەبێ ئەوەی ڕەگەز و ناوی تۆمەتبارەکە ئاشکرا بکات، گوتی: ئەو تۆمەتبارە، لە چوارەمین ڕۆژی جەنگی 12 ڕۆژەدا  دا دەستگیر کراوە و دانی بە پەیوندیی لەگەڵ 'مۆساد'  ناوە؛  بەڵام لەبەر هۆی ئەمنیی، تا ئێستا هەواڵی دەستگیرکردنەکەیمان ئاشکرا نەکردبوو.

گوتەبێژی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران، گوتیشی: لە داهاتوویەکی نزیکدا بڕیاری دادگە سەبارەت بەو تۆمەتبارە ڕادەگەیەنین.

 وەزارەتی دەرەوەی سوید، لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕایگەیاند "باڵیۆزخانەی سوید لە تاران لەگەڵ کەسوکاری دەستگیرکراوەکەدا لە پەیوەندیدان و پارێزەریشی بۆ دابین کراوە."

پاش کۆتاییهاتنی جەنگی 12 ڕۆژە، حکوومەتی ئێران دەیان کەسی بە تۆمەتی سیخوڕیی بۆ ئیسرائیل دەستگیر کردووە و ژمارەیەک لەوانە، لە سێدارە دران.

مانگی ڕابردوو، سەعید مونتەزرولمەهدی. گوتەبێژی پۆلیسی ئێران، ڕایگەیاند "نزیکەی 21 هەزار هاووڵاتیی ئێرانی، بە گومانی سیخوڕیی بۆ مۆساد، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئیرانەوە دەستگیر کراون."

 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل