سەفین دزەیی: دەرفەتێکی باش هاتووەتە پێش بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ
بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جەخت لەوە دەکاتەوە، دوای کۆبوونەوەی نێوان پارتی و یەکێتیی دەرفەتێکی باش هاتووەتە پێش بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 17ـی کانوونی یەکەمی 2025، سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند: بەداخەوە دوای 14 مانگ تاوەکوو ئێستا کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێکنەهاتووە.
هەروەها ڕایگەیاند: نێردە دیبلۆماسییەکان جەخت لە پێکهێنانی کابینەیەکی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەنەوە، چونکە لەگەڵ پێکهێنانی کابینەی نوێ ژمارەیەک پرۆژەی چاکسازی ئابووری و سەربازی دەبێت، بەتایبەتی کە هەندێک لە وڵاتان هاوکارن لە یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە.
سەفین دزەیی گوتیشی: دوای کۆبوونەوەی دوێنێ سێشەممە، لەنێوان پارتی و یەکێتیی، دەرفەتێکی باش لە پێشە بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ.
