هونەرمەند یەکبوون "کوردستان ئەی نیشتمانم"ی بڵاوکردەوە
خانمە موزیکژەن و هونەرمەندی کوردی باکووری کوردستان، یەکبوون بە بۆنەی ڕۆژی ئاڵای کوردستانەوە، گۆرانی"کوردستان ئەی نیشتمانم"ی بڵاوکردەوە، کە بە شێوازێکی تازە و ئۆرکێسترای، ڤیدیۆ کلیپی بۆ کردووە.
هۆنراوەی ئەم گۆرانییەی هونەرمەند یەکبوون، لەلایەن هەژار موکریانیی شاعیرەوە نووسراوە و میوزیکەکەشی لەلایەن ئاوازدانەر ئیقباڵ حاجیبیەوە دانراوە، بە ڕێکخستنێکی مۆدێرن و ڕووحی ئۆرکێسترایەکی فلارمۆنی، ئەم بەرهەمە کۆنەی هونەرمەند نوێکراوەتەوە و تێکەڵ بە هەستی مۆدێرن و نیشتمانپەروەری کراوە.
دیارییەک بۆ ڕۆژی ئاڵای کوردستان
خانمە هونەرمەند یەکبوون لەمبارەوە پەیامێکی بڵاوکردووەتەوە و ئاماژەیداوە، وەک هەستێکی نیشتمانپەروەرانە ئەمڕۆی بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆ کلیپەکەی هەڵبژاردووە، کە ڕۆژی ئاڵای کوردستانە، چونکە گورانییەکەشی بەشێکە لە مۆرکی ناسنامەی کورد و کولتووری کوردستانی.
خانمە هونەرمەند یەکبوون دەرچووی بەشی میوزیکە لە زانکۆی مەڕمەڕی تورکیایە و لە ساڵی 1991ـەوە میوزیکژەنە.
تاوەکوو ئێستا چەند بەرهەمێکی هونەری هەیە، لەوانە نێراوانە 2002، کەژێ 2007، زارۆک 2014 و دڵۆپ 2014 بڵاوکردووەتەوە. هەروەها لە ساڵی 2023 ئەلبوومێکی دیکەی هونەری بە ناوی فریشتە و چەند بەرهەمێکی دیکەی هونەری بڵاوکردووەتەوە.
