دوازدەیەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دهۆک کۆتایی هات
بە بەشداریکردنی 110 فیلم و بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە سینەماکارانی ناوخۆ و بیانی، دوازدەیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دهۆک بە دابەشکردنی 21 خەڵات کۆتایی هات.
لە مەراسیمی داخستنەکەدا کە لەسەر فەرشی سوور بەڕێوەچوو، لیژنەی دادوەریی فێستیڤاڵەکە لە دوای هەشت ڕۆژ لە نمایشکردن و هەڵسەنگاندنی فیلمەکان، براوەکانیان لەسەر بنەمای چیرۆک و پێوەرە هونەرییەکان دەستنیشان کرد.
تەوەری سەرەکیی ئەمساڵی فێستیڤاڵەکە تایبەت کرابوو بە پرسە ژینگەییەکان، بەتایبەتی " وشکەساڵی و گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا، وەک مەترسیدارترین بابەتی ڕۆژ. هەروەها وڵاتی ئیسپانیا وەک وڵاتی میوان لە فێستیڤاڵەکەدا بەشدار بوو.
لە کۆی 110 فیلمی بەشداربوو کورتەفیلم، فیلمی درێژ و دۆکیۆمێنتاری، 21 خەڵات بەسەر سەرکەوتوواندا دابەش کران.
هەژی ئەسعەدین، یەکێک لە براوەکانی خەڵات ڕایگەیاند: خۆشحاڵم کە ئەمساڵ بۆ دووەم جار بەشدارم و خەڵاتی ئاماژە پێدانی تایبەتی (Special Mention)م لە بەشی پانۆرامای کوردی وەرگرت.
هەروەها شێروان حاجی، دەرهێنەر و نووسەری فیلمی "My Name is Hope" کە لە بەشی کورتەفیلمی جیهانیدا بەشدار بوو، توانی خەڵاتی تایبەتیی لیژنەی دادوەری بەدەست بهێنێت.
ئالزین حەسەن، ئەندامی ژووری فێستیڤاڵەکە ئاماژەی بەوە کرد هەڵبژاردنی براوەکان ئەرکێکی سەخت بووە و گوتی: فیلمەکان زۆر باش بوون، بەتایبەتی فیلمە کوردییەکان، بۆیە یەکلاییکردنەوەی ئەنجامەکان کارێکی ئاسان نەبوو.
ئەمیر عەلی، بەڕێوەبەری گشتیی ڕۆشنبیری و هونەری دهۆک ڕایگەیاند ئاست و کوالێتیی فیلمەکان، بەتایبەت فیلمە درێژەکان لەم خولەدا جیاواز و بەرز بوو. جەختی کردەوە هەر لە ئێستاوە ئامادەکاری بۆ خولی 13یەمین فێستیڤاڵەکە دەست پێ دەکات و ئامانجیانە ساڵ بە ساڵ ئاستی فێستیڤاڵەکە بەرزتر بکەنەوە.
فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دهۆک ساڵانە بەڕێوە دەچێت و بووەتە مینبەرێکی گرنگ بۆ کۆکردنەوەی سینەماکاران و نمایشکردنی بەرهەمە سینەماییەکان لەسەر ئاستی ناوچەکە و جیهان.
