گەنجێکی عێراقی لە سوید دەستدرێژی دەکاتە سەر ئافرەتێکی تەمەن 100 ساڵی
دادگایەکی سوید سزای چوار ساڵ زیندانی بەسەر پیاوێکی عێراقیدا سەپاند، کە وەک فەرمانبەری چاودێری ماڵان (چاودێری کۆمەڵایەتی) کاری کردووە، ئەوەش دوای ئاشکرابوونی دەستدرێژیکردنە سەر ئافرەتێکی تەمەن 100 ساڵ لە کاتی دەوامەکەیدا.
بەپێی ماڵپەڕی (ئێکسپرێسن)ی سویدی، تۆمەتبارەکە تەمەنی 38 ساڵە و ئەو متمانەیەی قۆستۆتەوە کە وەک کارمەندێک هەیبووە بۆ ئەوەی بچێتە ماڵی قوربانییەکان، ڕووداوەکە کاتێک بووە کە ئافرەتە 100 ساڵەکە داوای ئەمبوڵانسی کردووە بەهۆی ئازاری سنگەوە، بەڵام ئەم کارمەندە چووەتە لای و بە بیانووی دانانی "مەرهەم" دەستدرێژی کردۆتە سەر، وەک ئافرەتەکە لە گوتەکانیدا دەڵێت: "هاوارم کرد واز بێنێت، بەڵام ئەو 10 خولەک بەردەوام بوو."
جگە لەم دۆسیەیە، پیاوەکە تۆمەتبار بووە بە دەستدرێژی بۆ سەر ئافرەتێکی دیکەی تەمەن 94 ساڵ بە هەمان شێوە، هەرچەندە دادگا دانی بەوەدا نا کە ئافرەتەکە دەستدرێژی کراوەتە سەر، بەڵام بەهۆی نەبوونی بەڵگەی پێویست بۆ سەلماندنی ناسنامەی بکەرەکە لەو ڕووداوەدا، تۆمەتبارەکە لەو دۆسیەیە بێتاوان دەرچوو.
ماڵپەڕە سویدییەکە لە زاری ئافرەتە تەمەن 94 ساڵیەکە دەگێڕێتەوە، کە گوتیەتی، لەبیریەتی چۆن لە نزیک تەوالێت وەستابوو بۆ ئەوەی یارمەتی بدرێت تاوەکو دانیشێت، بەڵام شتێک چووەتە نێو جەستەیەوە و بووەتە هۆی ئازارێکی توند کە بێهۆشی کردووە.
سەرەڕای ئەوەی داواکاری گشتی داوای دیپۆرتکردنەوەی پیاوەکەی بۆ عێراق کردبووەوە، بەڵام دادگا داواکەی ڕەتکردەوە بە بیانووی ئەوەی ناوبراو "پەیوەندی بەهێزی بە سویدەوە هەیە."
تۆمەتبارەکە پێشینەی تاوانی تریشی هەیە، لەوانە لێخوڕینی ئۆتۆمبێل لەژێر کاریگەری ماددەی هۆشبەر و ساختەکردنی ناسنامە، ڕووداوەکە مشتومڕی یاسایی لە سوید دروستکردووە سەبارەت بە نەبوونی یاسایەک بۆ پشکنینی پێشینەی تاوانی ئەو کەسانەی لە کەرتی چاودێری بەساڵاچوواندا کار دەکەن.
