نەتەوە یەکگرتووەکان نیگه‌رانه‌ له‌ به‌ردەوامیی بێسه‌روشوێنكردن له‌ عێراق

داوا دەکات داتابەیسێک بۆ تۆمارکردنی هەموو حاڵەتەکانی ونبوون لە عێراق دابنرێت

 K24 - هەولێر

نەتەوە یەکگرتووەکان داوا دەکات، عێراق بێسەروشوێنکردن لە یاسا خۆجێییەکانی تاوانەکان جێبکاتەوە و گەرەنتی بدات؛ هیچ کەسێک لە شوێنی نادیار دەستبەسەر ناکرێت.

لەپێناو رووبەڕووبوونەوەی دیاردەی بێسەروشوێنکردن، حکومەتی عێراق دوو لیژنەی بۆ شوێنکەوتنی راستییەکان داناوە لە ساڵەکانی 2016 و 2018، هەروەها بنەمای یاسایەکی داڕشتووە بۆ پاراستنی خەڵک لە شوێنبزرکردن، کە هێشتا لە ئەنجوومەنی وەزیرانە.

لیژنەی نەتەوە یەکگرتووەکان کە تایبەتە بە بێسەروشوێنبووان، لە نوێترین راپۆرتیدا لەبارەی عێراق دەڵێ "پێشوازی لەو رێوشوێنانە دەکەین، بەڵام زۆر بەداخین بۆ بەردەوامبوونی شوێنبزرکردن لە زۆربەی ناوچەکانی عێراق و رزگاربوون لە سزاش".

لیژنەکە داوا لە دەسەڵاتدارانی عێراق دەکات، خێرابن لە پێداچوونەوە بە یاسای پاراستنی خەڵک لە بێسەروشوێنکردن، بەجۆرێک لەگەڵ رێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان بگونجێت لەپێناو پاراستنی هەموو کەسێک لە بێسەروشوێنبوون، لەگەڵ وتوێژکردن لەگەڵ هەموو خاوەن بەرژەوەندییەکان، لەوانە رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی. لیژنەکە هۆشداری دەدات لەوەی دواکەوتن لە (کارکردن بەو یاسایە)، بووەتە هۆی بەردەوامیی بە تاوان نەبوونی تاوانی بێسەروشوێنکردن لە وڵات.

لیژنە تایبەتەکەی حاڵەتەکانی بێسەروشوێنکردن لە نەتەوە یەکگرتووەکان هەروەها نیگەرانە لە نەبوونی داتای باوەڕپێکراو لەبارەی حاڵەتەکانی بێسەروشوێنکردن لە عێراق و ئەو تەرمانەی ناسنامەیان نادیارە و گۆڕە بەکۆمەڵەکانیش.

لەبەشێکی دیکەی راپۆرتەکەیدا لیژنەکە داوای لە عێراق کردووە، داتابەیسێکی یەکگرتوو بۆ هەموو وڵات دابنێت، بۆ تۆمارکردنی هەموو حاڵەتەکانی ونبوون لە عێراق لە ساڵی 1968ـەوە.

بەپێی لیژنەی نێودەوڵەتیی خاچی سوور، عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی جیهان، کە زۆرترین کەس لێی بێسەروشوێن کراون.

لیژنەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان روونیشی کردووەتەوە، زانیاریی پێگەیشتووە سەبارەت بە هەبوونی 420 شوێنی نهێنی لە عێراق بۆ دەستبەسەرکردن، بۆیە داوا لە عێراق دەکات، لێکۆڵینەوە لەبارەی ئەو بانگەشانە بکات و ئەو شوێنانە، دابخات یان بیانکاتە بنکەی دەستبەسەرکردنی ئاسایی و تۆمارکراو و سەرپەرشتیکراو، هەروەها هەموو رێوشوێنێک بگرێتەبەر بۆ دڵنیاییدان لەوەی هیچ کەسێک لەداهاتوودا بە نهێنی دەستبەسەر ناکرێت.

سەرچاوە: الحرة

 

 

هـ.ر.