ئێران.. بەهۆی گرانیی کرێکاران توانای کڕینی پێداویستییەکانیان نەماوە
بازاڕەکانی ئێران بەردەوام ڕووبەڕووی بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک، بەتایبەتی میوە و بەرهەمە شیرەمەنییەکان دەبنەوە. ئەم دۆخە توانای کڕینی کرێکارانی بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزاندووە و زۆرێک لە خێزانە کەمدەرامەتەکانی ناچار کردووە دەستبەرداری بەشێک لە پێداویستییە سەرەکییەکانی ڕۆژانەیان ببن.
بەگوێرەی بەدواداچوونی میدیاکانی ئێران، بەرزبوونەوەی نرخەکان لە چەند مانگی ڕابردوودا، توێژێکی فراوانی چینی کرێکاری ناچار کردووە ئەولەویەت بە کرێی خانوو و خزمەتگوزارییەکان بدەن لەسەر حیسابی خۆراک. دیمەنی بازاڕەکانی میوە و فرۆشگاکانی شیرەمەنیش ئاماژە بە دابەزینی ڕوونی جموجۆڵی کڕیاران دەکەن.
داتا فەرمی و نافەرمییەکان دەریدەخەن هەڵاوسانی خۆراک لە ئێران لە ماوەی ساڵی 2025 تا کۆتایی مانگی نۆڤەمبەر و کانوونی یەکەم، لە نێوان 58% بۆ %66 بووە. هاوکات نرخی میوە و گوێز بە ڕێژەی زیاتر لە 108% بازدانی بەخۆیەوە بینیوە و بەرهەمە شیرەمەنییەکانیش بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو نزیکەی 49% گران بوون، ئەمەش فشارە داراییەکانی سەر خێزانە کرێکارەکان زیاتر قورس کردووە.
لە بازاڕەکانی سەوزە و میوەدا، نرخی بەرهەمەکانی وەک سێو و پرتەقاڵ گەیشتووەتە ئاستێک کە زۆرێک لە کرێکاران توانای کڕینیان نەماوە یان زۆر کەمی دەکڕن. هاوکات نرخی شیر، ماست و پەنیر بەرزبوونەوەی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، کە ڕاستەوخۆ بووەتە هۆی کەمبوونەوەی بەکارهێنانیان لە ماڵەکاندا. ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن ئەم کەمبوونەوەیە تەنیا میوە و شیرەمەنی نەگرتووەتەوە، بەڵکو گەیشتووەتە گۆشتیش، چونکە خێزانەکان ناچارن داهاتەکەیان بۆ خەرجییە زەروورەکانی دیکە تەرخان بکەن.
شارەزایانی ئابووری هۆشداری دەدەن لەوەی بەردەوامیی بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک، دەبێتە هۆی دابەزینی ئاستی خۆراک و تەندروستیی خێزانە کەمداهاتەکان، کە لەوانەیە لێکەوتەی نەرێنیی درێژخایەنی تەندروستیی و کۆمەڵایەتی لێبکەوێتەوە. ئەوان جەخت لەسەر پێویستیی جێبەجێکردنی سیاسەتی پشتیوانی دەکەنەوە بۆ بەرزکردنەوەی توانای کڕینی کرێکاران و ڕێگریکردن لە خراپتربوونی دۆخی ژیانیان.
