ئیسرائیل گازی سروشتی هەناردەی میسر دەکات
چوارشەممە، 17ی کانوونی یەکەمی 2025 ، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، ڕایگەیاند، ئیسرائیل ڕەزامەندیی لەسەر ڕێککەوتنێکی هەناردەکردنی گازی سروشتی لەگەڵ میسر، داوە و بە 'گەورەترین مامەڵەی گاز' لە مێژووی ئیسرائیلدا وەسفی کرد.
لە مانگی ئابی ڕابردوودا، ئیسرائیل ڕێککەوتنێکی بۆ هەناردەکردنی گازی سروشتی بە بڕی 35 ملیار دۆلار لە کێڵگەی گازی سروشتی 'لێڤیاتان'ەوە بۆ میسر مۆر کرد.
ناتانیاهۆ، لە ڕاگەیەنراوێکدا کە تەلەڤزیۆنی فەرمیی ئیسرائیل بڵاوی کردەوە، گوتی: "ئەمڕۆ ڕەزامەندیم لەسەر گەورەترین مامەڵەی گاز لە مێژووی ئیسرائیلدا دا، بە بەهای 34 ملیار و 640 ملیۆن دۆلار. بە گوێرەی ئەم مامەڵەیە، کە لەگەڵ کۆمپانیای ئەمەریکی شیڤرۆن و هاوبەشە ئیسرائیلییەکانیدا کراوە، گازی سروشتی هەناردەی میسر دەکەین."
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، گوتیشی: ئەم مامەڵەیە، کە بەهۆی هەندێک کێشەی ئاڵۆزەوە دواکەوتبوو، یارمەتیدەر دەبێت لە بەهێزکردنی سەقامگیریی لە ناوچەکەدا.
بەرهەمی گاز لە میسر، لە ساڵی 2022 کەمی کردووە و ئەمەش وای لەو وڵاتە کرد بۆ دابینکردنی گاز، پەنا بۆ هاوردەکردنی لە ئیسرائیل ببات.
