جوان ڕۆژبەیانی: پارتی دوو شاندی بۆ پێکهێنانی حکوومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان دیاری کرد
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 18ـی کانوونی یەکەمی 2025، کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتیی سەرۆک بارزانی و بە ئامادەبوونی جێگران و ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی بەڕێوەچوو.
لەوبارەوە جوان ڕۆژبەیانی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: لە کۆبوونەوەکەدا دەرئەنجامەکانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق تاوتوێ کران و دوو شاندی دانوستانکاری جیاواز بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پێکهێنانی حکوومەتی فیدراڵ و حکوومەتی هەرێمی کوردستان دیاری کران.
سەبارەت بە شێوازی دانوستانەکان، جوان ڕۆژبەیانی ئاماژەی بەوە دا، ئەمجارە بەگوێرەی دەستکەوتەکانی هەڵبژاردن، شێوازی گفتوگۆی شاندەکە بۆ پێکهێنانی حکوومەت جیاوازتر دەبێت لەوەی پێش هەڵبژاردن.
لەسەر پرسە سیادییەکان، ڕۆژبەیانی ڕوونی کردەوە: "پۆستی سەرۆک کۆمار پشکی کوردە، بەڵام مەرج نییە ئەو پۆستە تەنیا بۆ پارتی یان یەکێتی بێت، بۆیە گفتوگۆی لەسەر دەکرێت کە بەر چ لایەنێکی کوردی دەکەوێت."
لە کۆتاییدا ڕایگەیاند، گفتوگۆ و دانوستان لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەردەوام دەبێت و باس لە دابەشکردنی پۆستەکانیش دەکرێت. جەختیشی کردەوە: "ئەگەر پێشتر پارتی سازشی لەسەر هەندێک پۆست کردبێت بۆ ڕاگرتنی هاوسەنگی ، ڕەنگە ئەمجارە شێوازی گفتوگۆکان گۆڕانکارییان بەسەردا بێت."
