فیلمی "ئەنفا 8" لە سینەماکانی کوردستان نمایش دەکرێت
فیلمی سینەمایی "ئەنفا 8" کە لە دەرهێنانی کارزان کاردۆزیە، باس لە ئەفسانە دێرینەکانی میزۆپۆتامیا و میسری دێرین و کوردستان دەکات، بڕیارە لە بەهاری 2026 لە سینەماکانی کوردستان نمایش دەکرێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 18ـی کانوونی یەکەمی 2025، کارزان کاردۆزی، دەرهێنەری فیلمی "ئەنفا 8"، باس لە بەرهەمهێنانی فیلمەکەیان دەکات و دەڵێت: فیلمی "ئەنفا 8" لە ژانەری خەیاڵی زانستیی سەرچاوەی گرتووە لە دوو ئەفسانەی دێرینی میزۆپۆتامیا و میسری دێرین، ئەفسانەکانی "گەشتی ئینانا بۆ جیهانی مردن" و "جەنگی خۆرەس و سێز."
دەشڵێت، ڕووداوەکانی فیلمەکە لە داهاتوودا ڕوو ئەدەن لە شارێکدا بە ناوی "سۆلێ"، شارەکە دەسەڵاتداریەتی دەکرێت لە لایەن ژیرێکی دەستکرد بە ناوی "ئەنفا 8"، چیتر ڕۆژ و خۆر بوونیان نیە، تەنیا شەو هەیە و دانیشتوانی شارەکە نازانن نە ڕۆژ و نە خۆر چین، کەسانێک کە سەر بە گرووپێکی ئۆکڵۆت و خۆرپەرستن دەیانەوێت خۆیان ڕزگار بکەن لە دەسەڵاتداریەتی ئەنفا 8، هەر بۆیە لەلایەن ئەنفا 8ەوە ئەم کەسانە وەکو دوژمن سەیر دەکرێن و ئەندامانی هێزێکی تایبەت بە ناوی "هێزی شۆپاژۆ" کە بۆ ئەنفا 8 کار دەکەن لە گەڕاندان بۆ دۆزینەوە و لەناوبردنی خۆرپەرستەکان.
کاردۆزی باسی لەوەشکرد، لەگەڵ تێکەڵکردنی چیرۆک و ئەفسانە دێرینەکانی میزۆپۆتامیا و میسری دێرین و هەروەها کوردستان، فیلمەکە باسی داهاتوو دەکات لە ئەگەری پێشکەوتنی تەکنەلۆجی ژیری دەستکرد و کاریگەری لەسەر مرۆڤەکان و پەیوەندیان لەگەڵ یەکتریدا.
جێگەی ئاماژەیە، فیلمی سینەمایی ئەنفا 8، سەربەخۆ بەرهەمهێنراوە بە بوجەیەکی کەم لەلایەن کارزان کاردۆزی، وە ستافێکی پێنج کەسی، ڕۆڵی سەرەکی دەبینن وەکو، بارزان یونس و کەنار سەرچڵ و تەها موحەمەد، هەروەها کاری وێنەگرتن لە ماوەی 18 شەودا کرا لە شاری سلێمانی، وە لە ئێستادا لە پرۆسەی مۆنتاژداین و بە هیوای ئەوەی لە بەهاری ٢٠٢٦ فیلمەکە لەسینەماکانی کوردستان نمایش بکرێت.
