بە سەرپەرشتیی سەرۆک بارزانی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی کۆدەبێتەوە
كۆمیتهی ناوهندیی پارتی دیموكراتی كوردستان كۆدهبێتهوه و چەند پرسێکی گرنگ تاوتوێ دەکات.
بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەممە، 18ـی کانوونی یەکەمی 2025، لە پیرمام، کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە سەرپەرشتی سەرۆک بارزانی کۆببێتەوە.
بەپێی زانیارییەکانی هۆشمەند سادق، پەیامنێری کوردستان24، کۆبوونەوەکە لە کاتێکی هەستیاردا دێت و چاوەڕوان دەکرێت بڕیاری یەکلاکەرەوە لەسەر چەندین دۆسیەی چارەنووسساز بدات.
پەیامنێری کوردستان24 ئاماژەی بەوەش دا، تەوەرە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکە ئەمانەن:
1. پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق: تاوتوێکردنی میکانیزمەکانی دەستپێکردنی گفتوگۆکان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی فیدراڵ و دیاریکردنی ئەو بنەمایانەی کە پارتی لە دانوستانەکاندا کاری لەسەر دەکات.
2. کارنامەی پارتی لە بەغدا: گفتوگۆکردن لەسەر ئەو کارنامە سیاسی و بەرنامەیەی کە پارتی وەک کاری پێشینە (ئەولەویەت) دەیخاتە بەردەم حکوومەتی داهاتووی عێراق، کە بریتییە لە جێبەجێکردنی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان.
3. دۆسیە هەڵپەسێردراوەکان: جەختکردنەوە لەسەر پرسە گرنگەکانی وەک:
- جێبەجێکردنی ماددەی 140ی دەستوور.
- چارەسەرکردنی کێشەی بودجە و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم.
- یاسای نەوت و گاز.
- هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەکان و دەرکردنی یاسای ئەنجوومەنی فیدراڵی.
4. پێکهێنانی شاندی دانوستانکار: پێشبینی دەکرێت لە کۆبوونەوەکەدا شاندێکی نوێی دانوستانکاری پارتی پێکبهێنرێت بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان.
5. هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان: هەڵسەنگاندنی پەیوەندییەکان لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و لایەنەکانی دیکە و داڕشتنی ستراتیژێکی نوێ بۆ گفتوگۆکان، بەتایبەت کە پارتی پێی وایە قۆناغێکی نوێ هاتووەتە ئاراوە و دەبێت دانوستانەکان لەسەر بنەمای نوێ دەست پێبکەنەوە.
لەمبارەیەوە ئاری هەرسین، بەرپرسی لقی چواری پارتی لە سلێمانی بە كوردستان 24ـی ڕاگەیاندبوو، لە کۆبوونەوەی كۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموكراتی كوردستان باس لە هەنگاوەكانی پێكهێنانی هەردوو حكوومەتی هەرێم و عێراق دەكرێت، هەروەها پێداچوونەوە و هەڵسانگاندنیش بەكارەكانی پارتی لە 2025 دەكرێت.
ئەمە یەکەمین کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندی پارتییە لە دوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق.
ئەمە لە کاتێکدایە، سێشەممەی ڕابردوو، 16ـی کانوونی یەکەم، هەردوو شاندی دانوستانکاری پارتی و یەکێتی لەبارەی پێکهێنانی حکوومەتی نوێی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە.
