ژمارەی کۆچبەران لە مێژووی هاوچەرخدا گەیشتووەتە بەرزترین ئاست

ڕۆژی 18ی کانوونی یەکەمی هەموو ساڵێک لەلایەن نەتەوەیەکگرتووەکان وەکو ڕۆژی جیهانی کۆچبەران دیاریکراوە، بەگوێرەی ڕاپۆرتی ڕێکخراوەکانی تایبەت بە کۆچبەران لە ساڵی 2024 ژمارەی کۆچبەران لە سەرانسەری جیهان گەیشتووەتە ئاستێکی مێژوویی.

رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان، کە ڕێکخراوێکی فەرمییە و ئەرکی کارکردنە لەسەر پرسی کۆچبەری لەسەرانسەری جیهان،  لە ڕۆژی جیهانی کۆچبەراندا لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بە هۆکارەکانی کۆچکردنی خەڵک لەسەرانسەری جیهان کردووە و ڕایگەیاندووە، شەڕ و ناکۆکی ناوخۆیی، ئابووری و گۆڕانی کەشوهەوا لە گرنگترین ئەو هۆکارانەن، کە خەڵک بەهۆیەوە لە نێوخۆی وڵاتان ئاوارە دەبن یاخود کۆچ بۆ وڵاتانی دیکە دەکەن، هەروەها بە داتا ژمارەی ئاوارە، کۆچبەر و پەنابەری خستووەتەڕوو.

نزیکەی 281 ملیۆن کەس لە دەرەوەی وڵاتی خۆیان دەژین

بە گوێرەی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی لە ساڵی 2024، نزیکەی 281 ملیۆن کەس لە جیهاندا، کە دەکاتە نزیکەی %3.6ی دانیشتووانی جیهان لە دەرەوەی وڵاتی خۆیان ژیان بەسەر دەبەن.

ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، ژمارەی کۆچبەران لە ڕەگەزی مێ، گەیشتووەتە 135 ملیۆن و لە ڕەگەزی نێر 146 ملیۆن کۆچبەر، لەنێویاندا 28 ملیۆن منداڵ هەن، کە دەکاتە نزیکەی 1.4 %ی کۆی ژمارەی منداڵان لە جیهاندا.

 117.3 ملیۆن ئاوارە و پەنابەر

 کۆمیسیۆنی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران (UNHCR) ئاشکرای دەکات، لەسەرەتای ساڵی 2025 تاوەکو مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ 117.3 ملیۆن کەس بەزۆر ئاوارەی ناوچەکانی دیکەی نێو وڵاتی خۆیان کراون یاخود لە وڵاتانی دیکە بوونەتە پەنابەر ، لەنێویاندا 67.8 ملیۆن ئاوارەی ناوخۆیی و 42.5 ملیۆن پەنابەر هەن، هەروەها 8.42 ملیۆن کۆچبەر داواکاریی مافی پەنابەریان پێشکەش بەو وڵاتانە کردووە، کە تێیدا نیشتەجێن. 

بەشێک لە وڵاتان لە ڕێگەی گۆڕینی یاساکانی کۆچبەری کار بۆ کەمکردنەوەی ژمارەی کۆچبەران لە وڵاتەکانیان دەکەن، بەریتانیا،کە  یەکێکە لەو وڵاتانەی ساڵانە بە هەزاران کەس لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفەریقا لە رێگەی کۆچی نایاساییەوە کار بۆ گەیشتن بەو وڵاتە دەکەن.

 شەبانە مەحموود، وەزیری ناوخۆی بەریتانیا لەو بارەوە ڕایگەیاندووە، ماوەی شایستە بۆ وەرگرتنی مۆڵەتی نیشتەجێبوونی هەمیشەیی لە پێنج ساڵەوە بۆ 10 ساڵ درێژ دەکرێتەوە، ئەم گۆڕانکارییەش لە وادەی مانەوە نزیکەی 1.6 ملیۆن کەس دەگرێتەوە کە لە ساڵی 2021ەوە هاتوونەتە بەریتانیا.

 

 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل