سوودان؛ نەتەوە یەکگرتووەکان وردەکاریی کۆمەڵکوژییەکەی دارفوور ئاشکرا دەکات

دیمەنێکی گشتیی کەمپی زەمزەم. وێنە:ڕۆیتەرز
دیمەنێکی گشتیی کەمپی زەمزەم. وێنە:ڕۆیتەرز

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە جنیڤ، هێزەکانی پشتیوانیی خێرا لە کەمپێکی پەنابەران لە دارفوور، زیاتر لە هەزار هاووڵاتیی سڤیلیان کوشتووە.

پێنجشەممە، 18ی کانوونی  یەکەم 2025، ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز، بڵاوی کردەوە، فۆلکەر تورک، کۆمیساری باڵای مافەکانی مرۆڤ لە نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕایگەیاند "مانگی نیسانی ڕابردوو، هێزەکانی پشتیوانیی خێرا، کاتێک کۆنترۆڵی کەمپی 'زمزەم'ی  ئاوارەکانییان لە دارفوور کرد، زیاتر لە هەزار کەسی سڤیلیان کوشتووە."

فۆلکەر تورک، دەڵێت: یەک لەسەر سێی ئەوانە، بە شێوەیەکی هەڕەمەکی گولـلەباران کراون.

کۆمیساری باڵای مافەکانی مرۆڤ، لە ڕاپۆرتێکی 18 لاپەڕەییدا، ئاماژەی بەوە داوە "کوشتنی بە ئەنقەستی ئەم ژمارە زۆرەی خەڵکی سڤیل، لەوانەیە وەک تاوانی جەنگی لەقەڵەم بدرێت."

کەمپی 'زەمزەم' لە هەرێمی دارفوور، لە ڕۆژئاوای سوودان، نزیکەی نیو ملیۆن ئاوارەی تێدا بوو، ئەوانەی بەهۆی شەڕی ناوخۆوە ناچار کرابوون ناوچەکانی خۆیان بەجێ بهێڵن؛ هێزەکانی پشتیوانیی خێرا، لە ڕۆژانی 11 تا 13ـی نیسانی ڕابردوو، کەمپەکەیان کۆنترۆڵ کرد.

 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل