ماکرۆن داوای گفتوگۆ لەگەڵ پوتن دەکات
یەکێتی ئەورووپا بە بڕی 90 ملیار یۆرۆ پاڵپشتی ئۆکرانیا دەکات
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەڕەنسا، ڕایگەیاند: دەستپێکردنەوەی گفتوگۆ لەگەڵ ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا، بۆ ئەورووپییەکان بەسوود و پێویستە.
ماکرۆن جەختی لەوە کردەوە، دەبێت لە هەفتەکانی داهاتوودا ڕێگەی گونجاو بدۆزرێتەوە بۆ ئەنجامدانی دیالۆگێکی گشتگیر و ڕوون و ئاشکرا لەگەڵ مۆسکۆ، ئەمەش دوای ئەوەی یەکێتی ئەورووپا بڕیارێکی نوێی بۆ هاوکاریکردنی ئۆکرانیا دەرکرد.
لە لایەکی دیکەوە، ئەنتۆنیۆ کۆستا، سەرۆکی ئەنجومەنی ئەورووپا، ئاشکرای کرد: ڕەزامەندی نیشان دراوە لەسەر تەرخانکردنی بڕی 90 ملیار یۆرۆ وەک هاوکاری بۆ ئۆکرانیا بۆ ماوەی نێوان ساڵانی 2026 و 2027، پێوەست بە چۆنییەتی دابینکردنی ئەم بڕە پارەیەش، دۆناڵد تسک، سەرۆک وەزیرانی پۆڵەندا، ڕایگەیاند: سەرکردەکانی وڵاتانی ئەندام لە یەکێتییەکە ڕێککەوتوون لە بری پەنابردن بۆ قەرزی هاوبەش، سەرمایە و داراییە بلۆککراوەکانی ڕووسیا بۆ دابینکردنی خەرجییەکانی ئۆکرانیا بەکار بهێنن.
بەپێی زانیارییەکان، لە کۆی 210 ملیار یۆرۆی بلۆککراوی ڕووسیا لە وڵاتانی یەکێتی ئەورووپا، بڕی 185 ملیار یۆرۆی لە وڵاتی بەلجیکایە، هەر بۆیە برۆکسل نیگەرانی خۆی دەربڕیوە لەوەی ئەگەر ئەو پارانە بۆ ئۆکرانیا خەرج بکرێن، ڕووسیا کردەوەی تۆڵەسەندنەوەی توند بەرانبەر بە بەلجیکا ئەنجام بدات.
لە لایەکی دیکەوە و لە پێشهاتێکی دیپلۆماسی گرنگدا، بەرپرسێکی ئەمەریکی ئاماژەی بەوە کردووە، نێردەیەکی کرملین بەمەبەستی تاوتوێکردنی پلانێکی ئەمەریکی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ، بەرەو ویلایەتی فلۆریدا بەڕێ کەوتووە، ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی هەوڵە نوێیەکانی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکادایە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی سیاسی و کۆتاییهێنان بە ململانێ چەکدارییەکانی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا.
