یەکێتی ئەوروپا 90 ملیار یۆرۆ بۆ ئۆکرانیا تەرخان دەکات

یەکێتی ئەوروپا
یەکێتی ئەوروپا

ئەنتۆنیۆ کۆستا، سەرۆکی ئەنجوومەنی ئەوروپا، ئەمڕۆ هەینی 19ـی کانوونی یەکەمی 2025 ڕایگەیاند: یەکێتییەکە ڕەزامەندی نیشان داوە لەسەر پێشکەشکردنی هاوکارییەکی دارایی بە بڕی 90 ملیار یۆرۆ بۆ ئۆکرانیا، کە بڕیارە لە نێوان ساڵانی 2026 بۆ 2027 خەرج بکرێت.

دۆناڵد تسک، سەرۆک وەزیرانی پۆڵەندا، ڕوونی کردەوە، سەرکردەکانی ئەوروپا لە لوتکەی برۆکسل ڕێککەوتوون لە بری پەنابردن بۆ قەرزی هاوبەش، سوود لە سەرمایە بلۆککراوەکانی ڕووسیا و قازانجەکانی وەربگرن بۆ دابینکردنی ئەم بودجەیە، تسک ئاماژەی بەوە کرد، بەکارهێنانی سامانی ڕووسیا بۆ بەرژەوەندی ئۆکرانیا هەنگاوێکی دادپەروەرانەیە، هەرچەندە هەندێک وڵات نیگەرانییان لەبارەی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆیان و دابینکردنی گەرەنتی یاسایی هەیە.

لە گۆڕەپانی دیپلۆماسیشدا، بڕیارە سبەی شەممە کۆبوونەوەیەکی گرنگ لە شاری میامی لە ویلایەتی فلۆریدا بەڕێوە بچێت، تێیدا کیریل دیمیترییف، سەرۆکی سندوقی سامانی نیشتمانی ڕووسیا، لەگەڵ ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ و جارید کۆشنەری زاوای سەرۆکی ئەمەریکا کۆ دەبێتەوە، ئامانجی ئەم دیدارە تاووتوێکردنی پلانێکی پێشنیازکراوی واشنتنە بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکرانیا، ئەم کۆبوونەوەیە دوای زنجیرەیەک دیداری ویتکۆف و کۆشنەر دێت لەگەڵ بەرپرسانی ئۆکرانی و ئەوروپی لە شاری بەرلین، کە تێیدا باسیان لە گەرەنتییە ئەمنییەکان و پرسی ناوچە جێناکۆکەکان کردووە.

لە بەرانبەر ئەم هەوڵانەدا، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا، جەختی کردەوە، هیچ هۆکارێک نابینێت بۆ گۆڕینی دەستووری وڵاتەکەی بە مەبەستی لادانی ئەو خاڵەی کە باس لە هەوڵدان بۆ ئەندامێتی لە ناتۆ دەکات، زێلێنسکی ئاماژەی بەوە کرد کە هەڵوێستی وڵاتەکەی نەگۆڕە، هەرچەندە ڕەنگە دیدگای سیاسی لە واشنتن گۆڕانکاری بەسەردا بێت، هاوکات ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا، هۆشداری داوە لەوەی، ئەگەر کیێف و هاوپەیمانەکانی داواکارییەکانی مۆسکۆ بۆ ئاشتی ڕەت بکەنەوە، سوپاکەی هەوڵی کۆنترۆڵکردنی ناوچەی زیاتر لە خاکی ئۆکرانیا دەدات.

دوای دەستپێکردنی هێرشە سەربازییەکانی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا لە ساڵی 2022، یەکێتی ئەوروپا بڕی 210 ملیار یۆرۆ لە سەرمایە و داراییەکانی ڕووسیای لە بانکەکانیدا بلۆک کرد، ئامارەکان نیشانی دەدەن کە بڕی 185 ملیار یۆرۆ لەو پارانە لە وڵاتی بەلجیکایە، ئەمەش وای کردووە حکوومەتی برۆکسل بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ پلانەکەی یەکێتی ئەوروپا بکات، چونکە دەترسێت لەوەی بەکارهێنانی ئەو پارانە ببێتە هۆی ئەوەی ڕووسیا ڕێکاری توندی تۆڵەسەندنەوە بەرانبەر دامەزراوە داراییەکانی ئەو وڵاتە بگرێتە بەر، ئیدارەی نوێی دۆناڵد ترەمپیش لە ئێستادا فشارێکی دیپلۆماسی چڕی دەستپێکردووە تاوەکو پێش کۆتایی هاتنی 4 ساڵی جەنگ، بگەینە ڕێککەوتنێکی سیاسی بۆ وەستاندنی شەڕ.

 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل