واشنتن سزای نوێ بەسەر 29 کەشتیی ئێراندا دەسەپێنێت

وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا، بڕیاریدا سزای دارایی بخاتە سەر 29 کەشتی و کۆمپانیای بەڕێوەبردنی کەشتیوانی، ئەوەش لە چوارچێوەی هەوڵەکانی واشنتن بۆ توندکردنەوەی گەمارۆکان لەسەر ئەو کەشتییانەی کە بە کەشتیگەلی سێبەری سەر بە تاران دەناسرێن.

 بەپێی ڕاگەیەندراوی وەزارەتەکە، ئەم کەشتییانە بەشدارییان کردووە لە هەناردەکردنی نایاسایی نەوت و بەرهەمە پترۆکیمیاییەکانی ئێران بۆ بازاڕە جیهانییەکان.

وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا ئاماژەی بەوە کردووە، ئەو کەشتی و کۆمپانیایانەی کراونەتە ئامانج، بڕی سەدان ملیۆن دۆلار بەرهەمی نەوتییان لە ڕێگەی شێوازی فێڵاوی و ناڕوونی گواستووەتەوە. 

جۆن هێرلی، بریکاری وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا بۆ کاروباری تیرۆر و هەواڵگری دارایی، ڕایگەیاند: واشنتن بەردەوام دەبێت لە بێبەشکردنی ئێران لەو داهاتە نەوتییانەی کە تاران بۆ دابینکردنی بوودجەی بەرنامە سەربازییەکانی و پڕچەککردنی گرووپە لایەنگرەکانی بەکاریان دەهێنێت.

زاراوەی کەشتیگەلی سێبەر بۆ ئەو کەشتییانە بەکار دەهێنرێت کە ئەو نەوتە دەگوازنەوە کە لەژێر سزاکاندایە، ئەم کەشتییانە زۆربەی کات کۆنن، خاوەندارێتییان ناڕوونە و بەبێ بیمەی نێودەوڵەتی گەشت دەکەن، ئەمەش وای کردووە لە دەرەوەی پێوەرە یاساییەکان بن و بتوانن لە چاوی چاودێرانی نێودەوڵەتی خۆیان بشارنەوە.

ئەم هەنگاوە نوێیەی ئەمریکا دوای ئەوە دێت کە لە 10ی دیسێمبەری ئەمساڵدا، واشنتن دەستی بەسەر کەشتیی نەوتی سکیپەردا لە نزیک کەناراوەکانی ڤەنزوێلادا گرت، ئەو کەشتییە کە پێشتر لە ساڵی 2022 بەهۆی گواستنەوەی نەوتی ئێران خرابووە لیستی سزاکانەوە، لە کاتی دەستبەسەرداگرتنیدا نەوتی ڤەنزوێلای بار کردبوو، ئەمەش ئاستی گرژییەکانی نێوان واشنتن و کاراکاسی بەرز کردەوە.

پەیوەندییەکانی نێوان تاران و واشنتن لەمساڵدا گەیشتووەتە لوتکەی ئاڵۆزی، بەتایبەت دوای ئەوەی 5 گەڕی گفتوگۆی ناڕاستەوخۆ بۆ کاراکردنەوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی بێ ئەنجام بوون، ئەو بنبەستە دیپلۆماسییە لە مانگی حوزەیرانی ڕابردوودا بووە هۆی هەڵگیرسانی جەنگێکی ئاسمانی 12 ڕۆژە، کە تێیدا ئەمەریکا و ئیسرائیل چەندین بنکەی ئەتۆمی ئێرانیان بۆردومان کرد، واشنتن ئێران بە هەوڵدان بۆ دەستڕاگەیشتن بە چەکی ئەتۆمی و پاڵپشتی میلیشیا چەکدارەکان لە ناوچەکەدا تۆمەتبار دەکات، لە بەرانبەردا تاران سوورە لەسەر ئەوەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی تەنیا بۆ مەبەستی ئاشتییانە و شارستانییە.

 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل