ئوسترالیا گەورەترین هەڵمەتی کڕینەوەی چەک ڕادەگەیەنێت

حکوومەتی ئوسترالیا ئەمڕۆ هەینی 19ـی کانوونی یەکەمی 2025،  بەرنامەیەکی بەرفراوانی بۆ کڕینەوەی چەکی لە هاووڵاتییان ڕاگەیاند. 

ئەم بڕیارەی حکوومەتی ئوسترالیا دوای ئەوە دێت کە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر هێرشێکی خوێناوی کرایە سەر بۆنەیەکی جووەکان لە کەناراوەکانی بۆندای لە شاری سیدنی، کە لە ئەنجامدا 15 کەس گیانیان لەدەستدا، بڕیارە ڕۆژی یەکشەممەی داهاتوو بە داگیرساندنی مۆم، ڕێز لە یادی قوربانیانی ئەو ڕووداوە بگیرێت.

لێکۆڵینەوەکان ئاشکرایان کردووە، هێرشەکە لەلایەن ساجد ئەکرەمی تەمەن 50 ساڵ و ناڤید ئەکرەمی کوڕی تەمەن 24 ساڵ ئەنجام دراوە، کە بە ڕەچەڵەک هیندین، باوکەکە لە کاتی هێرشەکەدا کوژراوە و دەسەڵاتدارانی ئوسترالیاش ڕایانگەیاندووە، بەهێزترین ئەگەر بۆ پاڵنەری ئەم تاوانە، پەیوەندی بە ئایدۆلۆژیای ڕێکخراوی داعشەوە هەبێت.

ئەنتۆنی ئەلبانیزی، سەرۆک وەزیرانی ئوسترالیا، دوای بەڵێنی توندکردنەوەی سزاکان بەسەر توندڕەواندا، ئاماژەی بەوە کرد، هیچ پاساوێک نییە بۆ ئەوەی کەسێک لە ناوچەیەکی نیشتەجێبووندا خاوەنی 6 پارچە چەکی مۆڵەتپێدراو بێت، وەک ئەوەی لای یەکێک لە هێرشبەرەکان هەبووە، حکوومەت بەڵێنی داوە قەرەبووی دارایی هەموو ئەو کەسانە بکاتەوە کە چەکی نایاسایی، قەدەغەکراو یان ناپێویستەکانیان ڕادەستی دەسەڵاتداران دەکەن، ئەمە بە گەورەترین پرۆسەی کڕینەوەی چەک دادەنرێت لە دوای ساڵی 1996، کاتێک لە دوای کۆمەڵکوژییەکەی بورت ئارسەر کە تێیدا 35 کەس کوژران، حکوومەت توانی زیاتر لە 600,000 پارچە چەک لە هاووڵاتییان کۆ بکاتەوە.

لە لایەکی دیکەوە، پۆلیسی ئوسترالیا بەردەوامە لە لێکۆڵینەوە لە ئەگەری هەبوونی پەیوەندی لە نێوان هێرشبەرەکان و گروپە توندڕەوەکانی دەرەوەی وڵات، بەتایبەت لە دوورگەی مینداناوی فلیپین کە چەند هەفتەیەک پێش هێرشەکە بۆ ماوەی مانگێک لەوێ مابوونەوە، هەرچەندە حکوومەتی فلیپین بە فەرمی ڕەتی کردووەتەوە کە خاکەکەی بۆ مەشقی تێرۆریستی بەکارهێنرابێت، بەڵام سیدنی هێشتا لەوپەڕی ئامادەباشی ئەمنیدایە و پۆلیس چەندین گومانلێکراوی تری دەستگیر کردووە بۆ دڵنیابوونەوە لە نەبوونی هیچ مەترسییەکی دەستبەجێ بۆ سەر ئاسایشی کۆمەڵگە.

 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل