ئۆکرانیا تەرمی 1003 سەربازی لە ڕووسیا وەرگرتەوە

حکوومەتی کیێف ئەمڕۆ هەینی 19ـی کانوونی یەکەمی 2025، ڕایگەیاند: ڕووسیا تەرمی زیاتر لە هەزار سەربازی ئۆکرانی ڕادەست کردووەتەوە، کە لە میانی پێکدادانە چەکدارییەکانی نێوان هەردوو وڵاتدا کوژراون.

بەپێی بەیاننامەیەکی بارەگای هەماهەنگی بۆ کاروباری دیلەکانی جەنگ لە ئۆکرانیا، لە نوێترین پرۆسەی ئاڵوگۆڕ و گەڕاندنەوەی تەرمەکاندا، 1003 تەرم گەیشتوونەتەوە خاکی ئۆکرانیا.

 لایەنی ڕووسی ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم تەرمانە سەرجەمیان هی ئەو سەربازە ئۆکرانییانەن کە لە بەرەکانی جەنگدا و لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ سوپای ڕووسیادا گیانیان لەدەستداوە.

ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی هەردوو وڵاتدایە بۆ گەڕاندنەوەی تەرمی کوژراوەکانی جەنگ بۆ زێدی خۆیان، تاوەکو ڕێکارە یاسایی و مرۆییەکانیان بۆ جێبەجێ بکرێت.

 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل