ئه‌مه‌ریكا: عێراقێكی به‌هێزمان ده‌وێت
ئه‌مه‌ریكا پشتیوانی له جێبه‌جێكردنی رێكه‌وتنی ئاساییكردنه‌وه‌ی دۆخی شنگال ده‌كات
K24- هه‌ولێر:
راوێژكاری ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی عێراق "قاسم ئه‌عره‌جی"، له به‌یاننامه‌یه‌كه‌دا رایگه‌یاند، له‌گه‌ڵ ماتیۆ تۆله‌ر، باڵیۆزی ئه‌مه‌ریكا له به‌غدا تاوتوێی رێككه‌وتنی ئاساییكردنه‌وه‌ی دۆخی "شنگال"یان كردووه.
له درێژه‌ی به‌یاننامه‌كه‌دا، "ئه‌عره‌جی" گوتی: "دوایین ده‌ستكه‌وتی سیاسی و ئه‌منیمان له‌ناوچه‌كه‌دا تاوتوێ كردووه، له‌گه‌ڵ گرنگی ئاڵوگۆڕی زانیاری هه‌واڵگری نێوانیمان، بۆ كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی پاشماوه‌كانی رێكخراوی داعش".
به‌پێی به‌یاننامه‌كه، باڵیۆزی ئه‌مه‌ریكا له به‌غدا رایگه‌یاند، "ئه‌مه‌ریكا عێراقێكی به‌هێزی ده‌وێت، به‌شێوه‌یه‌كی ئه‌رێنی كاریگه‌ری له‌سه‌ر هاوكێشه‌ی هه‌رێمایه‌تی و نێوده‌وڵه‌تی هه‌بێت، كه رۆڵێكی كاریگه‌ر له‌ناوچه‌كه‌دا بگێڕێت".
"ئه‌عره‌جی"، له‌باره‌ی دۆسیه‌ی مرۆیی له رێكه‌وتنی شنگال، گوتی: " ئاواره‌كان بۆ ناوچه‌كانیان ده‌گه‌ڕێنه‌وه، دوای ئه‌وه‌ی حكومه‌تی عێراقی هۆكاری سه‌لامه‌تییان بۆ ده‌سته‌به‌ر ده‌كات".
هه‌ولێر و به‌غدا له (9ی تشرینی یه‌كه‌می رابردوو) رێكه‌وتنێكیان بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ی دۆخی شنگال، له رووی ئیداری و ئه‌منی و خزمهتگوارییهوه، به‌شێوه‌یه‌كی هاوبه‌ش واژۆ كرد.
رێكه‌وتنه‌كه، چاره‌سه‌ری بابه‌تی دوو ئیداره‌یی ده‌كات، هه‌ر وه‌ك "كازمی" ئاماژه‌ی پێدابوو، چۆڵكردنی شنگال له‌لایه‌ن چه‌كدارانی ناوخۆ، یان ئه‌وانه‌ی له ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌وه هاتوون، له‌خۆده‌گرێت، ئه‌مه‌ش وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ چه‌كدارانی پارتی كرێكارانی كوردستان (په‌كه‌كه).
ئاماژه به‌وه ده‌كرێت، په‌كه‌كه هێزێكی به ناوی یه‌كینه‌كانی پاراستنی شنگال "یه‌به‌شه"ی له سنووری شنگال دروستكردووه و له‌ژێر چه‌تری حه‌شدی شه‌عبی مووچه له حكومه‌تی عێراق وه‌رده‌گرن.
H.B