داعش بەرپرسیارێتی خۆی لە کوشتنی دوو سەربازی ئەمەریکی و وەرگێڕێکی لە سووریا ڕاگەیاند
ڕێکخراوی داعش بەرپرسیارێتی هێرشەکەی بیابانی تەدمووری گرتە ئەستۆ و کوژرانی دوو سەربازی ئەمەریکی و وەرگێڕێکی ڕاگەیاند، جەختیش دەکاتەوە کە هێرشەکە گورزێکی بەهێز بووە لەو بەرە هاوبەشەی کە ئەمەریکا و حکوومەتی سووریا دژیان پێکیانهێناوە.
هەینی 19ـی کانوونی یەکەمی 2025 بەپێی ئاژانسی ڕۆیتەرز، ڕێکخراوی داعش لە ڕاگەیەندراوێکدا وردەکاری هێرشەکەی بیابانی تەدمووری سووریا بڵاو کردووەتەوە و ئاشکرای کردووە، کە لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا دوو سەربازی ئەمەریکی و وەرگێڕێک کوژراون. ڕێکخراوەکە لە پەیامەکەیدا بە زمانێکی هەڕەشە ئامێز دەڵێت: فیشەکەکانیان دڵی هێزەکانی ئەمەریکا و گرووپە هاوپەیمانەکانیانی پێکاوە.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا، داعش ئاماژەی بەوە کردووە، هەرچەندە ئەمەریکا و حکوومەتی سووریا بەرەیەکی یەکگرتوویان دژی ئەوان پێکهێناوە، بەڵام چەکدارانیان توانیویانە گورزێکی بەهێز لەو هاوپەیمانێتییە بوەشێنن. هەروەها جەختیان کردووەتەوە، هێرشەکە لە ساتەوەختێکی زۆر هەستیار و ستراتیژیدا ئەنجام دراوە.
ئەم هێرشەی بیابانی تەدموور لە کاتێکدایە کە جارێکی دیکە مەترسییەکانی سەرهەڵدانەوەی پاشماوەکانی داعش لە ناوچە بیابانییەکانی سووریا زیادیان کردووە، ڕێکخراوەکە لە ڕێگەی ئەم جۆرە هێرشانەوە هەوڵ دەدات پەیامی مانەوەی خۆی بە لایەنە نێودەوڵەتی و ناوخۆییەکان بگەیەنێت.
ڕۆژی شەممە، 13ـی کانوونی یەکەمی 2025، فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمەریکا (سێنتکۆم) ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردبووە و تێیدا ئاماژەی دابوو، لە ئەنجامی بۆسەیەک لە سووریا لە لایەن داعشەوە سێ هاووڵاتی ئەمەریکی کوژران و سێ سەربازی دیکەش بریندار بوون.
هەروەها دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا بەڵێنیدابوو زۆر بە سەختی تۆڵە لە داعش دەکەنەوە و کورزێکی کوشندەی لێ دەدەن.
