پۆلیسی گەرمیان لەسەر شەڕەکەی گوندی خاڵە بەگ ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە
پۆلیسی گەرمیان: لەسەر کێشەی زەوی و زار چوار کەس کوژران و حەوتی دیکەش بریندار بوون
پۆلیسی گەرمیان ڕایگەیاند، بەهۆی کێشەی زەوی و زارەوە لە گوندی "خاڵە بەگ"ی سەر بە قەزای ڕزگاری، شەڕ لەنێوان دوو بنەماڵەدا ڕوویدا.
پۆلیسی گەرمیان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی، لەسەر ڕێگای گوندی "خاڵە بەگ" لە سنووری قەزای ڕزگاری، شەڕ و پێکدادان لەنێوان دوو لایەن کە خزمی یەکترن دروستبوو. هۆکاری شەڕەکە بۆ کێشەیەکی کۆنی زەوی و زار دەگەڕێتەوە.
پۆلیسی گەرمیان ئاماژەی بەوەشداوە، لە ئەنجامی ڕووداوەکەدا، چوار کەس لە لایەکیان کوژراون کە سێیان بران و ئەوەی دیکەشیان ئامۆزایانە، هەروەها برایەکی دیکەی کوژراوەکان بریندارە، لە لایەنی بەرامبەریش شەش کەسی دیکە بریندار بوون، بەهۆی سەختی برینەکانیانەوە، شەش لە بریندارەکان ڕەوانەی نەخۆشخانەکانی سلێمانی کراون.
لە راگەیەندراوەکەی پۆلیسی گەرمیاندا هاتووە، بە فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوە، پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ ڕووداوەکە کراوەتەوە و هێزە ئەمنییەکان لە ئامادەباشیدان بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دەستگیرکردن. پۆلیس ڕایگەیاندووە کە ئەمانە زانیاری سەرەتایین و هەر گۆڕانکارییەک لە ڕەوتی لێکۆڵینەوەدا ڕووبدات، ڕای گشتی لێ ئاگادار دەکەنەوە.
سەرەتای کێشەکە
بەگوێرەی قسەکانی خەڵکی ناوچەکە کە بۆ کوردستان24 ئاشکرایان کردووە، ناکۆکی نێوان ئەم دوو بنەماڵەیە مێژوویەکی کۆنی هەیە و لەسەر کێشەی زەوی و زار بووە، هەرچەندە لە ڕابردوودا بۆ کۆتاییهێنان بەو خوێنڕشتنە و وەک هەوڵێک بۆ ئاشتەوایی، ژنیان لە یەکتری خواستووە، بەڵام ماوەیەک لەمەوبەر دیسانەوە ناکۆکییەکان لە نێوانیاندا سەری هەڵداوەتەوە و ئەمڕۆ گەیشتووەتە ئەم کارەساتە مرۆییە.
ئاماژەیان بەوەشداوە، ڕووداوەکە لە کاتێکدا بووە کە چەند پیاوێکی یەکێک لە بنەماڵەکە لە ناو ئۆتۆمبێلێکدا بوون و لە ڕێگای نزیک گوندی "چەمە بیسمیلا" تێپەڕیون، لەوێدا لەلایەن پیاوانی بنەماڵەی بەرامبەرەوە بۆسەیان بۆ دانراوە و دەستڕێژی گولـلە یان لێکراوە. بەهۆی هێرشە کتوپڕەکە، سەرنشینانی ئۆتۆمبێلەکە نەیانتوانیوە بەرگری لە خۆیان بکەن، کە لە ئەنجامدا چوار کەسیان کوژراون.
لەوبارەوە ڕەفیق سابیر، بەرێوەبەری نەخۆشخانەی شەهید هەژار لە گەرمیان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لە ڕووداوەکەی نێوان ئەم دووبنەماڵەیەدا، چوار کەس کە خەڵکی گوندی 'خاڵە بەگ'ـن کوژراون و حەوت کەسیش بریندارن کەبرینی یەکێکیان سەختە، گوتیشی، کوژراوەکان سێیان بران و ئەوەی دیکەش ئامۆزایانە.
