بەریتانیا سزای بەسەر ژمارەیەک فەرماندەی سەربازیی و بازرگانی سووریادا سەپاند

وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا، سزای بەسەر چوار سەرکردەی سەربازیی و دوو بازرگان و سێ گرووپدا سەپاند کە گومانیان لێدەکرێت بەشدارییان لە کردەی دڕندانە و توندوتیژی کردبێت لە کاتی شەڕی ناوخۆی سووریادا.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکەی وەزارەتی دەرەوە کە لە ماڵپەڕی فەرمی حکوومەتی بەریتانیادا بڵاوکراوەتەوە، ئەو کەسانەی سزاکان دەیانگرێتەوە، بەشدارییان لە کردەوەی توندوتیژیدا کردووە لە ناوچە کەناراوەکانی سووریا، بەتایبەتی لە پارێزگاکانی لازقییە و تەرتووس.

لە ڕاگایەندراوەکەدا هاتووە، سزاکان کە بریتین لەبلۆککردنی سەروەت و سامانەکانیان، قەدەغەکردنی گەشت و ڕیگریی کردن لە هەر جۆرە مامەڵەیەکی کارگێڕی، ئەوانیش هەریەک لە غەیاس دەلە، ئەفسەری پێشوو لە هێزەکانی ڕژێمی ئەسەد و میقداد فەتیحە، سەرکردەی پێشوو لە هێزەکانی ڕژێم دەگرێتەوە.

هەروەها سزاکانی بەریتانیا هەریەک لە محەمەد جاسم (ئەبو عەمشە) فەرماندەی فیرقەی 25 لە سوپای ئێستای سووریا و فەرماندەی فیرقەی سوڵتان سولەیمان شا، لەگەڵ سەیفەدین بۆلاد فەرماندەی فیرقەی 76 و فیرقەی "حەمزات" دەگرێتەوە.

سزاکانی بەریتانیا هەریەک لە مودەلەل خووری، بازرگانی سووری-ڕووسی کە حکوومەتی بەریتانیا دەڵێت "یارمەتیدەر بووە لە دابینکردنی دارایی بۆ چالاکییەکانی ڕژێمی ئەسەد" و عیماد خووری، بازرگانێکی تری سووری-ڕووسی کە یارمەتی دارایی ڕژێمی ئەسەدی داوە، دەگرێتەوە.

هەروەها سزا بەسەر گرووپەکانی "سولتان موراد"، "سولتان سولەیمان شا" و گرووپی "حەمزات"دا سەپێنرا.

ئیڤێت کووپەر، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا ڕایگەیاند، "دوای زیاتر لە ساڵێک لە ڕزگاربوون لە دەستی ڕژێمی ئەسەد، بەریتانیا بەردەوامە لە پاڵپشتیکردنی گەلی سووریا و حکوومەتی ئەو وڵاتە، بۆ بەدیهێنانی کەشێکی سیاسیی سەقامگیر."

کووپەر ئاماژەی بەوەشکرد "لێپرسینەوە و دادپەروەری بۆ هەموو سوورییەکان زۆر گرنگە بۆ دەستەبەرکردنی چارەسەرێکی سیاسی سەرکەوتوو و بەردەوام لەو وڵاتە."

وەزیتری دەرەوەی بەریتانیا باسی لەوەشکرد، "لەبەر ئەم هۆکارە، ئەمڕۆ سزادانی ژمارەیەک کەس و ڕێکخراو ڕادەگەیەنم بەهۆی تێوەگلانیان لە کردەی توندوتیژی تۆقێنەر دژی هاووڵاتیانی سڤیلی سووریا. ئەم سزایانە پەیامێکی ڕوون دەنێرن بۆ هەر کەسێک کە هەوڵی تێکدانی داهاتووی ئاشتیانەی سوورییەکان دەدات."

لە کۆتاییدا کووپەر وتی: "بەریتانیا پابەندە بە کارکردن لەگەڵ حکوومەتی سووریا بۆ پشتگیریکردن لە بووژانەوەی ئابووری وڵاتەکە و بەدیهێنانی سووریایەک کە دان بە دەنگ و پێداویستییەکانی هەموو هاووڵاتیاندا بنێت."

 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل