زیادبوونی قاچاخچێتی لە سنووری پێنجوێن شۆفێرانی نیگەران کردووە
دەروازەی سنووری سەیرانبەن لە قەزای پێنجوێن، کە وەک دەروازەیەکی لاوەکی و نافەرمی کاردەکات، ئێستا بووەتە جێگەی نیگەرانیی شۆفێران و هاووڵاتییانی ناوچەکە. زیادبوونی قاچاخچێتی، دەستوەردانی حزبی و نەبوونی پرۆژەی خزمەتگوزاری، بارگرانییەکی زۆریان بۆ خەڵکی ناوچەکە دروست کردووە.
شۆفێرانی دەروازەی سەیرانبەن سکاڵا لە هەبوونی "واستە و دەستوەردانی حزبی" دەکەن و دەڵێن، قاچاخچێتییەکی زۆر لەژێر ناوی جیاوازدا ئەنجام دەدرێت. هاوکات دانیشتووانی پێنجوێن و گوندەکانی دەوروبەری نیگەرانن لەوەی داهاتی ئەم دەروازەیە بۆ خزمەتگوزارییەکانی ناوچەکە خەرج ناکرێت.
شۆفێرانی هێڵی سەیرانبەن بۆ کوردستان24 ئاماژە بەوە دەکەن جۆرێک لە "واستەکاری" و هێڵی تایبەت بە ناوی "هێڵی شەهیدان" دروست کراوە. زانا حەسەن، کە شۆفێرە لە دەروازەکە، دەڵێت: ئەم هێڵانە بە ناوی شەهیدانەوەیە بەڵام لە ڕاستیدا بۆ بەرژەوەندیی حزبییە و کاڵاکان لە بازاڕدا دەفرۆشرێنەوە، ئەمەش زیانی زۆری بە کار و کاسبی ئێمە گەیاندووە.
هەروەها شۆفێرێکی دیکە ئاشکرای دەکات، کەسانێکی نادیار لە ناو پێنجوێن بڕە پارەیەکی زۆر لە شۆفێران وەردەگرن بۆ مۆڵەتی کارکردن لەسەر هێڵەکە، کە دەبوو ئەوە کاری حکوومەت بێت نەک کەسی نادیار.
لە لایەکی دیکەوە، هاووڵاتییانی ناوچەکە باس لە کەمکوڕییە خزمەتگوزارییەکان دەکەن. موختار ڕەحیم، کە هاووڵاتییەکی پێنجوێنە، بەراوردێک لە نێوان پێنجوێن و زاخۆ دەکات و دەڵێت: لە زاخۆ کە دەروازەی سنووری لێیە، پرۆژەی گەورە و هەلی کار بۆ گەنجان هەیە، بەڵام لێرە لە پێنجوێن هیچ سوودێک لە داهاتی دەروازەکە بۆ خەڵک نابینرێت.
زانا حەمەخان، هاووڵاتییەکی دیکەی گوندنشین، سەرنج دەخاتە سەر دۆخی گوندی کانی سپی لە نزیک سەیرانبەن کە 35 ماڵی تێدایە، بەڵام نە قوتابخانەی هەیە و نە بنکەی تەندروستی. ئەو دەڵێت: قوتابییانی پۆلی یەک دەبێت یەک کیلۆمەتر بە پێ لەناو سەرما و بەفردا بڕۆن بۆ گوندێکی دیکە تاوەکوو بخوێنن.
لە هەموو جیهاندا دەروازە سنوورییەکان دەبنە مایەی خێر و بێر بۆ دانیشتووانەکەی، بەڵام لە پێنجوێن دەروازەی سەیرانبەن تەنیا بووەتە سەرئێشە بۆ خەڵک و سوودەکەی بۆ کەسانێکی کەم و بەرپرسانە.
