هونه‌رمه‌ندێكی كورد له رێگه‌ی پرۆژه‌یه‌كی هونه‌رییه‌وه هاوكاری "ره‌شۆی سازژه‌ن" ده‌كات
K24 - هه‌ولێر:
هونه‌رمه‌ندی ژه‌نیار، كاروان حه‌مید حه‌لاق، كه پرۆژه‌كانی له وڵاتانی ئه‌وروپا و به‌تایبه‌تی نێزه‌رلاندس/ هۆڵه‌ندا جێبه‌جێ ده‌كات، ئه‌مجاره له رێگه پرۆژه‌یه‌كی جیاوازی هونه‌رییه‌وه، ده‌یه‌وێت هاوكاری ره‌شۆی سازژه‌نی هه‌ولێر بكات.
كاروان حه‌مید حه‌لاق، به كوردستان24ی راگه‌یاند، پرۆژه‌كه‌ی جیاوازه و بۆ ئه‌وه‌ی به‌باشترین شێوه له ژیانی ره‌شۆ و هاوشێوه‌كانی تێبگات، ماوه‌ی 5 مانگ له‌گه‌ڵ كه‌سانی بێ ماڵ و حاڵی ئه‌وروپا ژیاوه و تێكه‌ڵی ژیانیان بووه.
كاروان له باره‌ی پرۆژه‌كه‌ی باس له‌وه ده‌كات، له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندێكی هاوڕێی به‌ناوی بافڵ سه‌رهه‌نگ، سه‌رقاڵی كاره هونه‌رییه‌كه‌ن و ئه‌و ئامێره باڵه‌بانه‌ی كه له كلیپه‌كه‌ش به‌كارهاتووه، هه‌ر له كه‌لوپه‌لی كۆنه درووستی كردووه.
كاروان سوپاسی كوردستان24 و تیمه‌كه‌ی ده‌كات له نووسینگه‌ی ئه‌وروپا، كه رووماڵی كاره‌كانی ده‌كات و هیواداره ئه‌نجامی پرۆژه‌كه‌ی به‌دیبێت و بتوانێت ئه‌و پاره‌یه‌ی له رێگه‌ی پرۆژه‌كه هونه‌ریه‌كه‌ی كۆی ده‌كاته‌وه، بگاته ده‌ستی ره‌شۆ، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش ره‌زامه‌ندی له ره‌شۆی سازژه‌نی هه‌ولێر و كه‌سوكاره‌كه‌ی وه‌رگرتووه.
كاروان ده‌ڵێت: "ره‌شۆ گه‌نجێكی ره‌نگ ئه‌سمه‌ره، خولیای ژه‌نینی سازی هه‌یه، پێمخۆشبوو له‌رێگه‌ی ئه‌و پرۆژه تایبه‌ته‌وه هاوكاری بكه‌م، بۆ ئه‌وه‌ی به‌راستی هونه‌ر له باشتركردنی ژیانی كه‌سانی وه‌ك ره‌شۆ به‌كاربێت و هونه‌ر بكه‌وێته خزمه‌تی مرۆڤایه‌تی".
ره‌شۆ، گه‌نجێكی ئازیزی گه‌نمڕه‌نگی هه‌ولێره، خولیای ژه‌نینی سازه و رۆژانه له شه‌قام و كۆڵانه‌كانی شار، ساز ده‌ژه‌نێت و زۆرجاریش هه‌ر خۆی گۆرانی له‌گه‌ڵ ده‌ڵێته‌وه، به‌تایبه‌تیش گۆرانی كه‌تانه‌ی هونه‌رمه‌ندی گه‌وره‌ی كورد، حه‌سه‌ن زیره‌ك.